سوپاى نیشتمانى لیبیا خستنەخوارەی فڕۆکەیەکی راگەیاند

هەواڵ / جیهان :: 08/05/2019‌ :: 538‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

سوپاى نیشتمانى لیبیا ئاشکرایکرد: فڕۆکەیەکى جەنگى لە جۆرى (میراج)ى حکومەتى تەرابلوس-یان لە شارى هیرە خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەشی کە "بەکرێگیراوێکى پوتوگالى" بووە، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.


یەکەى راگەیاندنى ئەو هێزەش دوو وێنەى ئەو فڕۆکەوانەی بڵاوکردووەتەوە، کە یەکەمیان رووخسارى بە خوێنەوە بووە و لەسەر کورسییەک چارەسەرى پزیشکى بۆ دەکرێت و وێنەى دووەمیشیان لیوا عەبدولسەلام ئەلحاسى فەرماندەى ناوچەى رۆژئاوا لەگەڵ ئەو فڕۆکەوانە گرتویەتى لەکاتى لێکۆڵینەوەکانیان.

لە چاوپێکەوتنێکدا ئەلحاسى بۆ رۆژنامەى ئەلمەرسەدى لیبى دوا و وتى: "حکومەتى تەرابلوس فڕۆکەوانێکى بەکرێگیراوى ناردووە تاکو بۆردومانى ئەو ناوچەیە بکات و خەڵکەکەى خۆى بکوژێت".

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییشدا، فڕۆکەوانە پورتوگالییەکە دەڵێت: "من ناوم جیمى رێسە و تەمەنم 29 ساڵە و خەڵکى پورتوگالم".

لە دیمەنەکەدا پرسیارى ئەوەى لێدەکرێت، کە بۆچى هاتووە بۆ لیبیا و لەلایەن کێوە نێردراوە، دەڵێت: "سەرەتا لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى (هادى)یەوە بەشێوەیەکى گرێبەست لە پورتوگالەوە هاتووم بۆ لیبیا، ئامانجى کارەکەشم بۆردومانکردنى هەندێک رێگاى سەرەکى و کۆمەڵێک پردبووە".

وە: ئاکۆ زەنگەنە
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure