ورده‌كارى سه‌ردانه‌كه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ عێراق

هەواڵ / عێراق :: 08/05/2019‌ :: 421‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

سه‌ركرده‌یه‌كى ئیئتیلافى سائیرون ورده‌كارى و هۆكارى سه‌ردانه‌كه‌ى مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وەى ئه‌مریكا بۆ عێراق ئاشكراده‌كات: جگه‌ له‌ بارودۆخى ئه‌منى، پرسى نه‌وت و ئابووریش ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌.


به‌در زه‌یادى، سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتیلافى سائیرون و په‌رله‌مانتارى عێراق، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندى هه‌یه‌ له‌ عێراقدا، هه‌موومان ده‌زانین كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان به‌شێكى نه‌وتى عێراق ده‌به‌ن، بۆیه‌ ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت پارێزگارى له‌و كۆمپانیایانەى خۆی بكات.

وتیشى: "سه‌ردانه‌كه‌ى مایك پۆمپیۆ ره‌هه‌ندى تریشى هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاڵۆزییه‌ى نێوان ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاتنى کەشتیگەلی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كه‌، بێگومان به‌شێك له‌ پێكهاته‌ سیاسییه‌كان كه‌ سه‌ربه‌ حیزبه‌كانن، هه‌ندێكیان پاڵپشتى ئێران ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها مه‌ترسیش هه‌یه‌ له‌ بوونى ئه‌مریكا له‌ عێراق".

سه‌باره‌ت به‌ هاتنى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و چاره‌نووسى هه‌وڵه‌كانى په‌رله‌مان بۆ به‌ یاسایى كردنى بوونى هێزه‌ بیانییه‌كان، به‌در زه‌یادى ئه‌ندامى ئیئتلافى سائیرون جه‌ختیكرده‌وه‌: ئێمه‌ له‌ سائیرون رێگه‌ ناده‌ین و رازی نابین خاكى عێراق ببێته‌ ده‌روازه‌ و ده‌رچه‌ى دوژمنكارى بۆ سه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌تێكى تر، هه‌موو ئه‌ندامانى په‌رله‌مان جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت، داوامانكرد به‌دانانى پرسی ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ خشته‌ى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، له‌ماوه‌ى مانگى ره‌مه‌زاندا ئه‌و یاسایه‌ ده‌خرێته‌ خشته‌ى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌.

وتیشى: "ده‌بێت پارێزگارى له‌ سه‌روه‌رى عێراق و خاكه‌ى بكرێت، رێگه‌ ناده‌ین هیچ هێزێكى بیانى له‌ عێراق هه‌بێـت، ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌درێته‌ ده‌ست حكومه‌تى عێراقى".

 

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure