بۆچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بە نهێنی سه‌ردانی عێراقی كرد و گەڕایەوە؟

هەواڵ / عێراق :: 08/05/2019‌ :: 1359‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دره‌نگانی شه‌وی رابوردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێكی كتوپڕ و نهێنی گه‌یشته‌ عێراق و دواى چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ده‌روه‌ی عێراق، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی.


شه‌وی رابوردوو سێشەممە، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا و چاوی به‌ چه‌ند به‌رپرسێكی باڵا كه‌وتووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی میدیاكان، پۆمپیۆ پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریكا، له‌فڕۆكه‌خانه‌ وتوویه‌تی: "له‌هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كاندا باسی چه‌ند پرسێكمان كرد، له‌وانه‌ گرنگه‌ عێراق له‌ خاكه‌كه‌ی خۆیدا به‌ تواناكانی خۆی ئه‌مریكییه‌كان بپارێزن". 

باسی له‌وه‌شكرد: كه‌ هه‌ردوولامان جه‌ختمان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پاراستنی ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق ئه‌ركی عێراقه‌و نامانه‌وێت هیچ وڵات و كه‌سێكی ده‌ره‌كی ده‌ست وه‌ربداته‌ ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ و هێرش بكاته‌سه‌ر وڵاتێكی تر له‌ ناوخۆی عێراقدا (كه‌ مه‌به‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌)، له‌و رووه‌وه‌ رێككه‌وتنێكی ته‌واومان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا.

بۆمپیۆ هه‌روه‌ها به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندووه‌: هۆكارى ئه‌و سه‌ردانه‌ی بۆ عێراق ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌مریكییه‌كان هه‌ستیان به‌ دڵه‌ڕاوكێ گردووه‌ له‌باره‌ى سه‌روه‌ری عێراقه‌وه‌ كه‌ ئێران جوڵه‌و چالاكییه‌كانی له‌و وڵاته‌ زۆر زیادیكردووه‌و جه‌ختمان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت عێراق خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆی بێت و هیچ وڵاتێك ده‌ستوه‌رنه‌داته‌ كاروبارى ناوخۆیه‌وه‌.

سٍه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپیۆ بۆ عێراق له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووەوە: كۆشكی سپی و پێنتاگۆن زانیارییان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ ئێران پلانی داناوه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و سوریا بكاته‌ ئامانج.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: كه‌ ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانین له‌ ناوخۆی عێراق و سوریا رێككه‌ووتووه‌ بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ گه‌رووی باب مه‌نده‌ب.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مریكا به‌ بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت بووه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی رابوردوودا دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا شه‌وێك به‌ نهێنی سه‌ردانی عێراقی كرد و بێ ئه‌وه‌ی چاوی به‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌وێت، گه‌ڕایه‌وه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure