فراكسیۆنى پارتى و یه‌كێتیى رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 07/05/2019‌ :: 650‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

هه‌ردوو فراكسیۆنى پارتى دیموكراتی و یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ڕێككه‌وتن، به‌مه‌ش سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌درێت.


له‌ دواى ناكۆكى هه‌ردوو فراكسیۆنى یه‌كێتیى و پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، دواجار ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون، سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌ردوو جێگره‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكرێت.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون مادده‌ى سێى یاساكه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت "سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری ده‌بێت كه‌ ناونیشان و ده‌سه‌ڵاتیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وێك له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا له‌به‌رواری سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ دیاریده‌كرێت و ده‌رده‌چێت".

ڕۆژى 3ى نیسانی 2019 په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ پڕۆژه‌یاسای هه‌موار و كاراكردنه‌وه‌ى یاسای سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجامدا و دواى وه‌رگرتنى پێشنیازه‌كانیش له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى یاساییه‌وه‌، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ پێویسته‌ له‌ دانیشتنى سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ بدرێت، وابڕیاریشه‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ كاتژمێر 11:00 په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرۆژه‌یاساى كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم په‌سه‌ندبكات.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure