"بەهۆی جوانییەكەمەوە چەكدارانی داعش پارەی زیادیان پێدەدام"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/05/2019‌ :: 41350‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

 

کچێکی رزگاربووی ئێزدی چیرۆکی رفاندنی خۆی بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "دوو جار دەرزی و جارێکیش حەبی رێگریی مناڵبوونم پێدرا و نزیکەی ٨٥ جاریش دەستدرێژی کراوەتە سەرم و لەکاتی رزگاربوونیشم تەمەنی منداڵەکەم ھەشت مانگ بوو".

 

سەمرا عومەر، لەساڵی ٢٠١٤ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە سەرەتای ھێرشی چەکدارانی داعش دەستگیرکرا و ئەو بۆ دواڕۆژ وتی: "لە گوندی تل قەسەب بوون، ھەوڵماندا بچینە شنگال، بەڵام لە لۆفەکانی شنگال من و دایک و باوکم و دوو برا و خوشکێکم دەستگیر کراین".

 

سەمرا ئێستا تەمەنی ٢٠ ساڵە و دوای دەستگیرکردنیان دەبرێنە فەرمانگەی نفوسی شنگاڵ و سێ رۆژ لە وێ دەمێننەوە، ئەو دەڵێت: "ھەر لەوێ چەکدارانی داعش کچ و ژنیان بۆ خۆیان برد، زۆربەی ئەو چەکدارانەش خەڵکی بەعاج و موسڵ بوون، لەوێ ژن و پیاو لێک جیاکرانەوە و نەمانزانی باوکمان چی بەسەر ھات و بردیانینە ناو بینایەکی حکومی لەناو شنگالدا".

 

وتیشی: "رۆژێک لەناو شنگال ماینەوە و دوای ئەوەی براینە قەزای تەلەعفەر، دوای سێ رۆژی ناخۆشی و پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ براینە گرتوخانەی بادۆش، حەوت رۆژ لەوێش ماینەوە و بەردەوام کچەكانیان بۆخۆیان دەبرد، برا بچوکەکەم لەگەڵ دایکم برانە تەلەعفەر و برا گەورەکەشم لەگەڵ من و خوشکەکەم لەوێ ماینەوە".

 

سەمرا وتیشی: "رۆژێک چەکدارانی داعش براکەمیان برد و من و خوشکەکەم کە دوو منداڵیشی ھەبوو، بەتەنیا ماینەوە، چەند رۆژێک ماینەوە لەگەڵ چەند کچ و ژنی تر جارێکی تر ھێنراینە تەلەعفەر، بەمنیان وت: "لەگەڵ چەند کچێکی تر دەتانبەینە شاری موسڵ ئەوانیترتان لێرە دەمێننەوە".

 

سەمرا لەدرێژەی گێڕانەوەی چیرۆكەكەی دەشڵێت: "براینە ھۆڵی گەلەکسی لە شاری موسڵ، دوای سێ رۆژ ئەمیرەکانیان دەھاتن پشکنینی خۆیان دەکرد بەجۆرێك روتیان دەکردینەوە و دەیان وت "کچی جوان و سپی پێست نەبێت نایبەین" کۆمەڵێک کچی جوانیان بۆخۆیان برد و وتیان ئەوانیتر بەسەر چەکدارەکانماندا دابەشدەکەین".

 

دەشڵێت: "من و چەند کچێکی تر ھێنراینە بەعاج و چوار رۆژ لەناو قوتابخانەیەک ماینەوە، شەوێک ئەمیرێکی داعش ھات و وتی: "دەبێت ھەر چەکدارێک یەکێکتان بۆ خۆی ببات، من و ھەندێک کچی تر ھێنراینە گوندی رەمبۆسیە لەشنگال".

 

سەمرا دەڵێت: "دوای سێ رۆژ لە گوندی رەمبوسیە بینیم سێ چەکدار ھاتن یەکێکیان بەناوی (سەعد گەلناش بەعاجی) خەڵکی بەعاج بوو منی بۆ خۆی برد، دواتر دەستدرێژی کردە سەر من و ماوەیەک لەوێ ماینەوە، من و چەند کچێکی تری بردە ناو بارەگای خۆیان بۆ ئامادەکردنی خواردن".

 

ئەو کچە ئێزدییە وتی: "بیستبووم چەکدارانی داعش پارەیەکی باشیان بەو چەکدارە دەدا بۆئەوەی من بفرۆشێت پێیان، بەڵام نەفرۆشرام، ئەو چەکدارە بەمنی وت "لەماوەیەکی تر (عەقد زواج) دروستدەکەین چاودێری تۆ دەکەم ئەگەر بەدڵم بووی مارەت دەكەم".

سەمرا لە چی بێ ھیوابوو

وتی: "دوای مانگێک لەو بارەگایەدا ماینەوە چەند جارێکیش ھەوڵماندا ھەڵبێین، بەڵام دەستگیرکراین و بێھیوابووین، رۆژانە ئەو چەکدارەی داعش دەستدرێژی دەکردە سەر من، جارێک بردمیە لای ئەمیرێکی ئەو رێکخراوە (عەقد زواج)مان دروستکرد و بووم بە ژنی ئەو چەکدارە".

ئەو دەڵێت: "دوای ھێرشی سوپای عێراق بۆ ئازادکردنی بەعاج، لەساڵی ٢٠١٦ چووینە شاری مەیادین لە سنوری پارێزگای دێرەزۆر لە سوریا، ئەو چەکدارەی داعش خێزانەکەشی لەگەڵ خۆیدا ھێنایە سوریا، كە پێشتر ژنی ھەبوو شەش منداڵیشی ھەبوو".

سەمرا وتی: "ساڵێک لەشاری مەیادین ماینەوە، ھەرکاتێک ئەو چەکدارەی داعش دەستدرێژی بکردایە سەر من، ژنەکەی توڕە دەبوو، ئەویش بە توندی لێی دەدا، چونکە ئێمە پێکەوە لە ماڵێکدا بووین، دەیزانی ئەو کارە دەکات".

 

داوایەک لە سەمرا دەکات

سەمرا دەڵێت: "ئەو چەکدارەی داعش داوای لەمن کرد منداڵێک بخەمەوە، جارێک منی بردە لای پزیشکێک لە شاری رەققە، پزیشکەکە وتی: "دوو جاری تر دێیە لامان عیلاج وەردەگری و دواتر منداڵت دەبێت" پێش ئەوەی بچمە لای پزیشک بۆ ئەوەی منداڵم نەبێت، جارێک حەبیان بەمن دا و دوو جاریش دەرزی".

ئەو کچە ئێزدییە وتی: "دوای ماوەیەک زانیم دووگیانم، ئەوکاتە زۆر توڕە بووم، دەمزانی رۆژێک دەگەڕێمەوە، لەبەرئەوە نەمویست منداڵێکم لەو چەکدارە ھەبێت، لەساڵی ٢٠١٧ ھاتینە گوندێکی دێرەزۆر لەوێ منداڵەکەم ھاتە دونیا كە کوڕ بوو ناوی نرا (بەسام)".

"لەوکاتەی کە رزگارکرام تەمەنی ئەو منداڵەم ھەشت مانگ بوو، لەبەرئەوەی منداڵ بوو ھیچ گوناهێکی نەبوو نەیزانی موسڵمانە یان ئێزدییە یانیش مەسیحە، چونکە لە تەمەنێکی زۆر بچووکدابوو" ئەو کچە ئێزدییە وای وت.

وتیشی: "ئێمە لە جزیرەی سوریا بووین، حکومەتی سوریا ئۆپراسیونی ئازادکردنی ئەو ناوچانەیان دەستپێکردبوو، ئەوانیش خێزانەکانی خۆیان بۆ شوێنەکانی تر دەبرد و لە ترسی شەڕ و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان ھەڵھاتن".

باسی لەوەشکرد: ئەو چەکدارەی داعش خێزانەکەی رەوانەی حەسەکە کرد تەنیا من و منداڵەکەم لەگەڵیدا ماینەوە، پەیوەندی بە ئامۆزایەكی خۆیەوە کرد لە دێرەزۆر، لەوکاتەی شەڕڤانانی یەپەگە ئەو ناوچەیەیان ئازاد کرد، بەمنی وت دەچیتە لای ئامۆزاکەم و ٢٠ رۆژ لەلای ئەو دەمێنیتەوە تا ئەو کاتەی توانیم خۆم بگەیەنمە ھەجین.

 

سەمرا دەڵێت: "قاچاخچییەک ھات و منی بردە ناوچەیەک لە نزیک دێرەزۆر، نەیزانی من کچێکی ئێزدیم لەبەرئەوەی قسەکردنمان بە عەرەبی بوو، ئەو ناوچەیە پێشتر لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگەوە ئازادکرابوو، ٢٥ رۆژ لەلای ئامۆزای سەعد مامەوە".

 

لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا باسی ئەوەشی کرد: دوای بیست و پێنج رۆژ ئەو چەکدارەی داعش پەیوەندی بە ئامۆزاكەی خۆیەوە کرد وتی: "قاچاخچییەک بگرن و وەرنە ناوچەی ھەجین، ئەویش لەسنوری دێرەزۆر بوو، کاتژمێر ١٠-ی شەو بەڕێگەوە بووین لە جەزیرەیەک وەستاین زۆر ترسام، بەمنی وت "مەترسە خوشکی منی و ئیشێکمان لێرە ھەیە و دواتر دەڕۆین.

 

سەمرا وتی: "قاچاخچییەکە دواتر بەمنی وت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەمان ئاشکرا نەبێت و یەپەگە نەمانبینێت، سبەینێ دەچینە ھەجین، ئەو قاچاخچییە بردمییە ماڵی خۆی و نانمان خوارد، سێ رۆژ لەوێ ماینەوە و هەر دەیوت سبەینێ دەردەچین، قاچاخچییەکە بەمنی وت "وێنەیەکی تۆ دەگرم، پێم وت وێنەکەت بۆچییە؟ بەمنی وت "لە ھەجین چاوەڕێی تۆ دەکەن و دەیانەوێت بزانن خۆتی یان کەسێکی تر".

 

دەشڵێت: "لەوکاتە نەمزانی ئەو قاچاخچییە لەگەڵ کەسوکارەکەم قسە دەکات و پەیوەندی لەگەڵیاندا ھەیە، دواتر وتی : "ھاوڕێیەک نامەیەکی بۆمان ناردووە داوای وێنەی کردووە پێویستە وێنەیەکی تۆی بۆ بنێرم، منیش رازیبووم و وێنەیەکی منی نارد و دوانیوەڕۆی ھەمان رۆژ وتی "دەچینە ھەجین، ئەو قاچاخچییە وتی دەتگەیەنمە چەند کەسێکیتر ئەوان ھاوکاریت دەکەن و دەتگەیەننە ھەجین من ناتوانم لەبەرئەوەی ناوچەیەکی سەربازییە و کێشەیە بۆمان".

 

سەمرا وتیشی: "دواتر منی گەیاندە ئەو کەسانە و ئەوانیش بە عەرەبی قسەیان دەکرد لە سەرەتا نەمزانی شەڕڤانانی یەپەگەن، بەڵام دواتر وتیان کەمێکی تر دەگەیتە ئەو ناوچەیە، دوای نیوکاتژمێر زانیم یەپەگەن، گەیشتینە بارەگاکەیان و قسەیان بە کوردی لەگەڵ کردم، منیش نەمتوانی بە یەک وشەی کوردی قسە بکەم".

 

سەمرا چی لە منداڵەکەی کرد؟

ئەو وتی: "لە مانگی ھەشتی ٢٠١٨ شەڕڤانانی یەپەگە وتیان دەتبەینە قامیشلۆ، تا گەیشتینە قامیشلۆ دوای شەش رۆژ کوڕەکەم لەگەڵ مندابوو، بە شەڕڤانانم وت "کوڕەکەم لەگەڵ خۆم دەبەم یان نا، وتیان ئێزدی قبوڵناکەن، ئێمە مافی ئەوەمان نییە منداڵی کەس لێرە وەربگرین، بەڵام دەیبەینە لای منداڵانی بێ دایک و باوک، گەلێک ژنی تر ھاتوون و منداڵەکانیان نەبردووە و لێرە بەخێو دەکرێن".

لەڕۆژی ١٩/٨/٢٠١٨ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا سەمرا گەیشتە شنگال و رۆژی دواتر بەکەسوکارەکانی شادبۆوە لە کەمپی کەبەرتوو٢ لە سنوری پارێزگای دھۆک.

سەمرا دوا قسەکانی خۆی بەم شێوەیە گێڕایەوە "چەکدارانی داعش کڕین و فرۆشتنیان بەمنەوە نەکرد، تەنیا لەلای (سەعد گەلناش بەعاجی) ماومەتەوە و نەفرۆشرام و نزیکەی ٨٥ جار دەستدرێژی کردە سەرم".

"لەو کاتەی کە لەلای ئەو چەکدارەی داعشبووم ھەر لە سەرەتاوە نوێژم دەکرد و قورئانم دەخوێند، ناوم سەمرا بوو بە سەمەر بانگی دەکردم، جارێک لە گوندەكانی نزیك شنگال بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە (سەعد) برینداربوو، بەڵام زوو چاکبووەوە".


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure