ئیئتیلافه‌كه‌ى عه‌بادى له‌ به‌رده‌م بژارده‌ى ئۆپۆزسیۆنبون دایه‌

هەواڵ / عێراق :: 06/05/2019‌ :: 171‌ جار بینراوە
حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو و عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى عێراق

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا
 
دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو ره‌خنه‌ى توندى له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌كانى عێراق گرت، په‌رله‌مانتارێكى ئیئتلافه‌كه‌ى باس له‌ باشترین بژارده‌ى به‌رده‌میان ده‌كات.


له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سایتى (سپۆتنیك)ى رووسی حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق رایگه‌یاند: ئه‌م حكومه‌ته‌ى ئێستا ئه‌نجامى هاوپه‌یمانییه‌كى شاش و پڕ له‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌، پشتى به‌ بنه‌ماى ده‌ستورى گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مان نه‌به‌ستووه‌ له‌ پێكهێنانیدا، هێشتا ئه‌دائى حكومه‌ت وه‌ك پێویست نییه‌.

وتیشى: "ئه‌م حكومه‌ته‌ى ئێستا خراپترین حكومه‌تى پشكپشكێنه‌یه‌، به‌ڵكو پشكپشكێنه‌ به‌شى هه‌موو قه‌واره‌یه‌ك ده‌دات، ئێمه‌ ده‌ستمان له‌ پشكى خۆمان هه‌ڵگرت له‌ حكومه‌ت به‌ده‌ر له‌ قه‌واره‌كانى تر، ده‌شمانویست حكومه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى پیشه‌یى نیشتمانى پێكبهێنرێت، ئه‌وه‌ش نه‌هاته‌دى".

ده‌رباره‌ى ئه‌و لێدوانه‌ نه‌دا شاكر، په‌رله‌مانتارى ئیئتلافى نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تى عه‌بادى له‌ لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتى: "وته‌كانى عه‌بادى روون و ئاشكران، هیچ له‌م حكومه‌ته‌ رازى نییه‌، هه‌موو بژارده‌كانى به‌رده‌م ئیئتلافه‌كه‌مان كراوه‌یه".

جه‌تیشیكرده‌وه‌: "به‌هێزترین بژارده‌ش له‌ به‌رده‌م ئیتلافى نه‌سردا گرتنه‌به‌رى ئاراسته‌ى ئۆپۆزسیۆن بوونه‌".

سه‌باره‌ت به‌و وتانه‌ى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌بادى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌درێن، نه‌دا شاكر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: هیچ گڵۆپێكى سه‌وز نه‌بینراوه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنانه‌ى له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى عه‌بادى له‌ حكومه‌تدا هه‌ن پاڵنه‌ر و پاڵپشتى ئه‌و ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ خولى دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure