"زیاده‌ڕۆیی له‌ سلێمانى زیادیكردووه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نایانڕوخێنن"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 06/05/2019‌ :: 517‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

ئاكۆ عه‌لى عه‌زیز جێگرى سه‌رۆكى شاره‌وانى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ده‌كات: پێنج ساڵه‌ حكومه‌ت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى بۆ سلێمانى نه‌ناردووه‌، ده‌ڵێت: "بڕیاردراوه‌ به‌ وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵواسینى ناونیشانى سه‌ر دوكان و كۆمپانیاكان".

دواڕۆژ: هاووڵاتییان كه‌ى له‌ خراپى و چاڵی شه‌قامه‌كان رزگاریان ده‌بێت؟
ئاكۆ عه‌لى:
له‌ شه‌قامى بازنه‌ى مه‌لیك مه‌حمود ده‌ستمان به‌كاركردن پێكردووه‌، رۆژانه‌ ته‌نیا سێ بارهه‌ڵگر قیرمان بۆ دێت، ئه‌ویش چاڵه‌كانى پێ چاك ده‌كه‌ین، پڕكردنه‌وه‌ى چاڵ و چاككردنى قورستره‌ له‌وه‌ى شه‌قامێك به‌ته‌واوى قیرتاو بكه‌ین، بۆیه‌ تا شه‌قامى 60 مه‌ترى ته‌واو نه‌كه‌ین، له‌شوێنى تر ده‌ست به‌كار پێناكه‌ین، ئه‌مه‌ش دوو مانگى تر ده‌خایه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ستافێك دروست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ به‌ته‌واوى پێویستیان به‌ قیرتاوكردن هه‌یه‌.

دواڕۆژ: له‌ هه‌ولێر چه‌ندین پڕۆژه‌ كاریان تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ سلێمانى ته‌نیا چاڵه‌كان پڕده‌كرێنه‌وه‌و هیچ پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجامنادرێت، هۆكار چییه‌؟ 
ئاكۆ عه‌لى:
هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ سلێمانى ته‌خان نه‌كراوه‌، ته‌نیا به‌ داهاتى فرۆشتنی زه‌وى و 17% داهاته‌كانى تر، پڕۆژه‌ بچوكه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، پێویسته‌ له‌ پارێزگارى ئه‌م شاره‌ بپرسیت بۆچى بودجه‌ نانێردرێت بۆ سلێمانى؟

دواڕۆژ: ساڵی رابوردوو داهاتى فرۆشتنى زه‌وى چه‌ند بووه‌و چى لێكراوه‌؟
ئاكۆ عه‌لى:
له‌ 2018 كۆى داهاتى زه‌وى حه‌وت ملیار دینار بووه‌، هه‌مووى كراوه‌ به‌ پڕۆژه‌، بۆ نموونه‌ بۆ به‌رزه‌ پردى ده‌باشان تونێلێكی تێدا دروستكراوه‌، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و داهاته‌ 900 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ پڕۆژه‌ى نوێمان هه‌یه‌ كه‌ تازه‌ ده‌ستى پێده‌كه‌ین، ئه‌ویش چاككردنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ى به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ى شۆڕش تا نه‌خۆشخانه‌ى هیوا.

دواڕۆژ: پڕۆژه‌ نوێیه‌كانى شاره‌وانى سلێمانى كامانه‌ن كه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانتانه‌؟
ئاكۆ عه‌لى:
نزیكه‌ى پێنج ساڵه‌ یه‌ك دینار نه‌ له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانی نه‌ له‌ پارێزگاوه‌ بۆ سلێمانى دابین نه‌كراوه‌، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ى زۆرمان داناوه‌ جێبه‌جێى بكه‌ین، ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى حكومه‌تى هه‌رێممان كردووه‌، پڕۆژه‌كانیش بریتین له‌ جێبه‌جێكردنى سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ گه‌ڕه‌كه‌ نوێیه‌كانى شار، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ بڕى 100 ملیار دینار ده‌رخسته‌یان بۆ كراوه‌، نموونه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ وه‌ك كه‌نه‌كه‌وه‌، كانى سپیكه‌، قڕگه‌، جگه‌ له‌وه‌ سێ به‌رزه‌ پردمان له‌به‌رنامه‌دایه‌ له‌سه‌ر شه‌قامى مه‌لیك مه‌حمود به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازى، لاى شارى پزیشكى فاروق، هه‌روه‌ها له‌سه‌رووب نه‌خۆشخانه‌ى شار، به‌ڵام ئه‌مانه‌ش پێویستى به‌ بودجه‌یه‌و پێكنه‌هێنانى كابینه‌ى نوێش وایكردووه‌  پڕۆژه‌كانى سلێمانى ده‌ستپێنه‌كرێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: دواى چه‌ند ساڵێك، به‌رزه‌ پردى ده‌باشان كه‌ى ته‌واو ده‌بێت؟
ئاكۆ عه‌لى:
پرده‌كه‌ چوار تونێلی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مووى به‌یه‌كجار بدرێت به‌ به‌ڵێنده‌ر، 10 ملیار دینارى پێویسته‌ بۆ ته‌واوكردنى كه‌ له‌ئێستادا بۆمان ناكرێت، پارچه‌ پارچه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ین تا ته‌واو ده‌بێت،  به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین تا كۆتایى ئه‌مساڵ زۆرینه‌ى كاره‌كانى ته‌واو بكه‌ین.

دواڕۆژ: له‌ئێستادا كۆدێك بۆ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان داده‌نرێت، ئه‌مه‌ بۆ چییه‌؟ هاوكات ورده‌كارى ئه‌و بڕیاره‌ چییه‌ له‌باره‌ى وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ خاوه‌نى دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ناونیشانى بازرگانیى؟
ئاكۆ عه‌لى:
بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ كه‌ پێویسته‌ پاره‌ كۆبكرێته‌وه‌ له‌برى فڕێدانى خۆڵ و خاشاكى ماڵ و دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ڵواسینى ناونیشانی سه‌ر دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سلێمانى كراوه‌ به‌ حه‌وت زۆنه‌وه‌، چواریان دراوه‌ به‌ كۆمپانیا و به‌ته‌واوبوونى سه‌رجه‌مى زۆنه‌كان ئه‌وكات پاره‌ له‌ هاووڵاتییان وه‌رده‌گیرێت له‌ بریى فڕێدانى خۆڵ و خاشاك، هه‌روه‌ها له‌برى هه‌ڵواسینى  ناونیشانى سه‌ر دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌پێى قه‌باره‌كه‌ى پاره‌یان لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌و كۆده‌ش به‌مه‌به‌ستى زانیارى كۆكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ به‌مه‌به‌ستى پاره‌كۆكردنه‌وه‌.

دواڕۆژ: له‌ نزیك پاركى هه‌وارى شار، هه‌روه‌ها له‌ داره‌توو و چه‌ندین ناوچه‌ى تر خانووى زیاده‌ڕۆ دروستكراوه‌، ئایا خه‌ڵكى باڵاده‌ستیان له‌ پشه‌ته‌وه‌یه‌ بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ بڕوخێنرێن؟
ئاكۆ عه‌لى:
ئه‌مه‌ به‌ته‌نیا خه‌مساردیى تیمه‌كانى ئێمه‌ نییه‌، به‌شێكیان خه‌ڵكیان له‌ پشته‌وه‌یه‌و هه‌موو شتێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ رووبدات، بۆ هه‌ندێك شوێن هه‌یه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان ئاماده‌ نین بۆ ئه‌وه‌ى بچین بیانڕوخێنین، به‌هه‌ر هۆكارێك بێت نه‌ڕوخێنراون، چاوه‌ڕوانى پێكهێنانى هێزێكى تۆكه‌مه‌ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ به‌شى زیاده‌ڕۆیى بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى نه‌ڕوخێنراون، ڕێژه‌ى زیاده‌ڕۆیش له‌ سنورى سلێمانى به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو زیادیكردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure