بزوتنه‌وه‌: تائێستا به‌فه‌رمى داواى به‌شداریكردنمان له‌ حكومه‌ت لێنه‌كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/05/2019‌ :: 287‌ جار بینراوە
وه‌رتى: پێویسته‌ پێگه‌ و قورسایی بزوتنه‌وه‌ پارێزراوبێت

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت چووه‌ته‌ قۆناغێكى نوێوه‌، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كه‌ ده‌خوازێت به‌شدارى حكومه‌ت بكات یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه‌ و ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی كارگێڕی ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت: تاوه‌كو ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی حزبه‌كه‌ی نه‌كراوه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت.


دوێنێ به‌ ئه‌نجامدانى كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و واژۆكردنى دووه‌م رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌فدێكى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌، گرێكانى به‌رده‌م پێكهێنانى حكومه‌ت كرانه‌وه‌ و بڕیاره‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ به‌ كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ره‌و پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم بنرێت.

پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كى حكومه‌ته‌كه‌ ده‌بن، هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان و حزبى شیوعى كوردستان پێشوه‌خت به‌شدارى نه‌كردن له‌ حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن بوونیان هه‌ڵبژاردووه‌، جگه‌ له‌و لایه‌نانه‌ش ئه‌ودواى هێز و لایه‌نه‌كانى تر به‌شداربوون یان نه‌بوونیان له‌ حكومه‌ت یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ له‌نێویشیاندا بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى.
 
عه‌بدوڵا وه‌رتی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ داواكاریه‌ك ئاراسته‌ی حزبه‌كه‌ی نه‌كراوه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر داوا له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بكرێت بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر شێواز و جۆری به‌شداریكردنه‌كه‌ روونكردنه‌وه‌مان بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌مان ده‌بێت" ئه‌وه‌شى وت: "گه‌ر به‌شداری له‌ حكومه‌ت بكه‌ین پێویسته‌ پێگه‌ و قورسایی بزوتنه‌وه‌ پارێزراوبێت". 

له‌ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى ساڵى رابردوو، بزوتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو به‌ یه‌ك لیست به‌شداریكرد، به‌ڵام هیچ كاندیدێكى ده‌رنه‌چوو.

پێشتر دواڕۆژ بڵاویكرده‌وه‌ تائێستا سێ جار وه‌فدى باڵاى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌سه‌رۆكایه‌تى رابه‌رى ئه‌و حیزبه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى و مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و دیاریكراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كۆبوه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا باسى به‌شدارى بزوتنه‌وه‌ كراوه‌ و رابه‌رى گشتى به‌ سه‌رۆكى پارتى راگه‌یاندووه‌ كه‌ حه‌زده‌كه‌ن به‌شدارى له‌ كابینه‌كه‌ بكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ى پۆستی وزاریان پێبدرێت.

وته‌بێژه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ حكومه‌تێكی به‌هێز هه‌یه‌ و ئه‌و حكومه‌ته‌ش ده‌بێت له جێگه‌ی متمانه‌ی هاوڵاتیاندا بێت و گرنگه‌ پلانی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی مووچه‌ و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ره‌خساندنی هه‌لی كار.

بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى، به‌شدارى له‌ زۆربه‌ى كابینه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمدا كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌مى دوو ئیداره‌یى له‌ هه‌رێم ئه‌و حیزبه‌ به‌شدارى له‌ هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئیداره‌ى هه‌ولێر و سلێمانیش به‌ پۆستى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ به‌شدارى كردووه‌، دواتریش له‌ ساڵى 2009 به‌شدارى له‌ كابینه‌كه‌ كرده‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure