دواڕۆژ ژمارەیەك كاندیدی پارتی بۆ پۆستەكان ئاشكرا دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 06/05/2019‌ :: 3869‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی خۆی بۆ ژمارەیەك پۆستی وەزاریی دیاریكردووە و بڕیارە لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكەیدا یەكلاییان بكاتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەم كابینەیەدا جگە لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەم پۆستانەی دیكەشی بەردەكەون (سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش).

هەروەها وەزارەتی (سامانە سروشتییەكان، ناوخۆ، داد، ئەوقاف، گواستنەوە و گەیاندن، تەندروستی، پەروەردە، كارەبا، وتەبێژانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت بە پلەی وەزیر) لەپشكی پارتین .

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە ئەمڕۆ 6ی ئایاری 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: كاندیدی ژمارەیەك پۆست تاڕادەیەكی زۆر دیاریكراون ئەوانیش (كەریم سنجاری بۆ سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، فەوزی هەریری بۆ سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، رێبەر ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی بۆ وەزیری ناوخۆ، ئاشتی هەورامی بۆ سامانە سروشتییەكان، دڵشاد بارزانی یان وەیسی بارزانی بۆ راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ئەگەری بەهێزتر دڵشاد بارزانییە).

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد (ڤالا فەرید و فرسەت ئەحمەد سكرتێری پێشووی پەرلەمان بۆ وەزارەتی داد، نەوزاد هادی، وەزیری كارەبا یان گواستنەوە و گەیاندن، پشتیوان سادق بۆ وەزیری ئەوقاف، وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەش جارێ كاندید نازانرێت)، چاوەڕێدەكرێت لەكۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی یەكلایی بكرێنەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

  بڵاوکردنەوە:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure