كاتی كۆبوونەوەی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكرا

هەواڵ / کوردستان :: 06/05/2019‌ :: 502‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

 

وابڕیاره‌ (رۆژی چوارشه‌ممه‌ 8ی ئایاری 2019) په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی پرسی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

 

دوای ئه‌وه‌ی (دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ئایار)، هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دواین رێككه‌وتنیان له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ئه‌نجامدا، وابڕیاره‌ (رۆژی چواشه‌ممه‌ 8ی ئایار)، یه‌كه‌م هه‌نگاوی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ به‌ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكات.

به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو،  تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر (پێشنیازی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (89 ،90 ،91 ، 93 و 96) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

 

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی دوێنێدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ چوارشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه ‌و پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستپێبكات".

لای خۆیه‌وه‌ روپاك ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: بۆئه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت، پێویسته‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ به‌رنامه‌ی كار و واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئاگادار بكاته‌وه‌.

به‌پێی پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ كراوه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌مێنێته‌وه‌ تاوه‌كو نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌ پانزه‌ ڕۆژ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی هەیە ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌كانی دیاریبكات.

له‌ دانیشتنی رۆژی 3ی نیسانی ئەمساڵدا، په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سەندكردنی ده‌ستور كرد، وابڕیاریشه‌ له‌ دوای وه‌رگرتنی پێنشیازی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌فته‌ی داهاتوو بخرێته‌ ده‌نگدانەوە.

 

به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌، دەبێت ماددەی یەكەمی یاساكەی ساڵی 2005 وەك خۆی بمێنێتەوە كە "هەرێم سەرۆكێكی دەبێت و سەرۆكی باڵای راپەڕاندنه‌".

هەروەك تەواوی دەسەڵاتەكان دەدرێتەوە بە سەرۆكی هەرێم تا نوسینەوەی دەستور كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندنیشە كە زیاتر لە 22 دەسەڵاتی هەیە و سه‌رۆكیش به‌زۆرینەی رەها (50 +1) و بە دەنگدانی ئاشكرا هەڵدەبژێردرێت.

به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكانی دەتوانن پۆستی حكومی و حزبیشیان پێكەوە هەبێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure