كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/05/2019‌ :: 174‌ جار بینراوە
كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌مانگى ته‌موزى 2019، كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ى چاكسازییه‌كان و نه‌مانى هه‌ردوو یه‌كه‌ى 70 و 80ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

به‌سه‌رپه‌رشتی كه‌ریم سنجاری، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت (یه‌كشه‌ممه‌ 5ى ئایار) كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و بۆرد و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌ت‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان ئاماده‌یبوون، هاوپه‌یمانان "به‌ڵینیان"داوه‌ "به‌رده‌وامبن له ‌هاوكارییه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌. هه‌روه‌ها‌ بڕیاردراوه‌ له‌ مانگی ته‌موزی ئه‌مساڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵا ئه‌نجامبدرێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرۆگرامی چاكسازی وه‌زاره‌ته‌كه‌".

له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌، لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال، جێگرى سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و زانینى ئاستى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ 35 خاڵییه‌كه‌ى چاكسازى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌ و هاوپه‌یمانان مه‌به‌ستیانه‌ له‌ ره‌وتى چاكسازییه‌كان بگه‌ن".

وتیشى: "ره‌شنووسێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ردوو یه‌كه‌ى 70و 80ى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌كراوه‌، به‌ به‌رپرسانى هه‌ردوو یه‌كه‌ى 70و 80 دراوه‌ بۆئه‌وه‌ى بۆچوونى خۆیان له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌كه‌ بده‌ن".

نزیكه‌ى دوو ساڵه‌، راوێژكارانى باڵاى ئه‌مریكا، بریتانیا و ئه‌ڵمانیا به‌هاوكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام تائێستا پێنج خاڵى چاكسازییه‌كه‌ جێبه‌جێكراون، 13 خاڵى دیكه‌ش له‌به‌رنامه‌دان به‌م نزیكانه‌ جێبه‌جێبكرێن.

پڕۆژه‌كه‌ چاكسازییه‌كه‌ (پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاینده‌-دا) خۆى له‌ 35 خاڵ ده‌بینێته‌وه‌، تائێستا راوێژكارانى هه‌رسێ وڵات داواده‌كه‌ن، په‌له‌بكرێت له‌ چاكسازییه‌كه‌.

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure