مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی تاوتوێی چوونی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 466‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسێكن به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، وته‌بێژی یه‌كێتیش ده‌ڵێت "رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئه‌م پرسه‌ تاوتوێده‌كات". 


ره‌شنوسه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو و به‌شداری كورد له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ناوی لێنراوه‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی نیشتمانی كه‌ له‌ چه‌ند خاڵێك پێكهاتووه‌، له‌وانه‌ پێدانی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان وه‌ك جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، هه‌ژماركردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌نزومه‌ی سوپای عێراقی، دابینكردنی بودجه‌ی ساڵانه‌ و ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێدانی یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كان و دانی یه‌كێك له‌ سێ پۆستە سه‌رۆكایه‌تییەكه‌ی عێراق به‌ كورد و چه‌ند پرسێكی تر. 

لای خۆیه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "چوونی شاندی كورد بۆ به‌غدا گرنگی خۆی هه‌یه‌ چونكه‌ شاندی پارتی و یه‌كێتی تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ڕۆنه‌ به‌غدا ره‌شنووسێكی چه‌ند خاڵی ئاماده‌ده‌كه‌ن  كه‌ تایبه‌تە به پرسی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی". 

وتیشی "پێشنیار ده‌ده‌ینه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كه‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانەوە بنوسرێت نه‌ك وه‌ك جارانی پێشوو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ینوسی و به‌ ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان كارنامه‌كه‌ ده‌بێت به‌ شێوازێك بنوسرێت گه‌ر هاتوو سه‌رۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كارنامه‌كه‌ی وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كرد ناچار بكرێت ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ی شاندی پارتی و یه‌كێتی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، سه‌عدی پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كاتی سه‌ردانی شانده‌كه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا نزیك بۆته‌وه‌و بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش سبەی شه‌ممه‌ 11ی ئابی 2018 مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و تاوتوێی چه‌ند پرسێك ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ چوونی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure