رووسیا له‌ ناوچه‌یه‌كى خۆرئاواى كوردستان هێز جێگیر ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 308‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ خۆرئاواى كوردستان، هێزێكى رووسى به‌ چه‌كى قورسه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ جێگیركراون، به‌پێی زانیارییه‌كانى هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هه‌سه‌ده‌ و ئه‌و هێزه‌ رووسییه‌ ده‌بێت بۆ چاودێرى ناوچه‌كه‌.


له‌زگین ئیبراهیم، رۆژنامه‌نووس له‌ خۆرئاواى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "پێشتر باره‌گایەكى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ شارۆچكه‌ى عه‌ین عیسا بووه‌، دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان، نزیكه‌ى 10 رۆژ ده‌بێت هێزێكى رووسى به‌ چه‌كى قورسه‌وه‌ له‌و باره‌گایه‌دا جێگیركراون ".

وتیشى: "دواى رێكکه‌وتنى نێوان رووسیا و توركیا و پێكهێنانى ده‌وریه‌ى هاوبه‌ش بۆ چاودێرى ناوچه‌ سنوورییه‌كانى خۆرئاواى كوردستان و دیاریكردنى سنوورى ناوچه‌ى ئارام، ئه‌و هێزه‌ى سوپاى رووسیا له‌ عه‌ین عیسا جێگیركرا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "به‌پێی زانیارییه‌كان هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات هه‌سه‌ده‌ و سوپاى رووسیا له‌ عه‌ین عیسا له‌م قوناغه‌دا هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌ نێوانیاندا ده‌بێت بۆ چاودێریكردنى ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ ژێر ده‌ستى هه‌سه‌ده‌دان".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌ ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى عه‌ین عیسا له‌ سه‌ر رێگەى نێوده‌وڵه‌تى M4 چه‌ند گوندێك له‌لایه‌ن میلیشیاكانى توركیاوه‌ داگیركرابوون، به‌ڵام  داواى هاتنى ئه‌و هێزه‌ رووسییه‌ به‌پێی رێكکه‌وتنێك له‌ نێوان رووسیا و توركیا میلیشیاكان له‌و گوندانه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد".

شارۆچكه‌ى عه‌ین عیسا سه‌ر به‌ پارێزگاى ره‌ققەیه‌، به‌ دوورى نزیكه‌ى 70 كیلۆمەتر ده‌كه‌وێته‌ باشوورى كۆبانێ و دانیشتوانى شاره‌كه‌ له‌ كورد و عه‌ره‌ب پێكهاتوون.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure