ئەگەر 15 خولەک بە پێ بڕۆیت جیهان 100 ملیار دۆلار قازانج دەکات

هەواڵ / زانست :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

توێژینەوەکانی چالاکی جەستەیی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە چالاکی جەستەیی کاردەکاتە سەر گەشە و توانای ئابوری.

توێژینەوەکە گروپی (فایتالتی) بۆ دڵنیایی پزیشکی و ناوەندی راند ئەوروپا بۆ توێژینەوەکان ئەنجامیانداوە کە دەرکەوتووە رۆژانە رۆیشتن بۆ ماوەی چارەکە کاتژمێرێک یان رۆیشتنی یەک کیلۆمەتر لە رۆژێکدا وادەکات بەرهەمهێنان زیاد بێت و ناوەندی تەمەنیش زیاد بکات کە لە کۆتاییدا ئەمانەش دەبنە هۆی باشبوونی گەشەی ئابوری.

خاوەنی توێژینەوەکە دەڵێن: "باشبوونی ئابوری لە کەمبوونەوەی رێژەی مردنەوە هەڵدەقوڵێت، بەو مانایەی مانەوەی زیاتری کرێکار لە ژیاندا وادەکات زیاتر برەو بە بواری ئابوری بدەن و ژمارەی رۆژەکانی مۆڵەتی نەخۆشیش کەمدەبێتەوە".

هانز بونگ، سەرۆکی ناوەندی راند ئەوروپا رایگەیاند: کە توێژینەوەکە تیشکی خستووەتەسەر پەیوەندییەکی بەهێزی نەجوڵان و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، ئەمەش وادەکات کە دەبێت سیاسەت داڕێژەرەوەکانی کار و خاوەن کارەکان تێڕوانینێکی نوێیان بۆ چۆنیەتی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان هەبێت.

هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێنوێنی پێگەیشتووان دەکات کە هەفتانە 150 خولەک راهێنانی مامناوەند یان 75 خولەک راهێنانی قورس بکەن.

رێکخراوەکە لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی پار ئەنجامەکانی راگەیاند، ئاماژەی بەوەداوە: کە نزیکەی 40 لەسەدی پێگەیشتووان لە ئەمریکا و 36 لەسەد بەریتانیا و 14 لەسەد لە چین بە رێژەیەکی کەم راهێنان دەکەن.

توێژینەوەکەی راند ئەوروپا و فایتالتی توێژینەوەکەیان لەسەر 120 هەزار کەس لە 7 وڵاتی جیهانەوە ئەنجامداوە و توێژینەوەکە تێڕوانینێکی سودبەخشی بۆ ئابوری داناوە بەهۆی زیادبوونی چالاکی جەستەییەوە لەسەر ئاستی جیهان.

گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەش کە هەر کرێکارێک کە تەمەنیان لە 18 بۆ 64 ساڵدا بێت و رۆژانە چارەکە کاتژمێرێک وەرزش بکەن، ئەوا ئاستی بەرهەمهێنان لە بواری ئابوری جیهانیدا دەگاتە 100 ملیار دۆلاری ساڵانە.

ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure