جارێكی دیکە مەرجەعیەت ھەڵوێستی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەكان دەربڕی

هەواڵ / عێراق :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 114‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەغدا

لە وتاری ھەینی ئەمڕۆدا كە شێخ عەبدولمەھدی كەربەلائی لە مەزاری ئیمام حسێن لە كەربەلا وتاری نووسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەی خۆێندەوە كە بڕی زۆری وتارەكە بۆ خۆپیشاندەران تەرخانكرابوو.


لە وتاری مەرجەعیەتی شیعەی عێراقدا ھاتبوو، چەندین وێنەی جوان و پرشنگدار لە خۆپیشاندانەكاندا دەركەوتوون، نمونەی بەرزی عێراقییەكان نیشاندەدا كە یادی ئەوانە دەكەینەوە كە بە خۆێنی خۆیان چل رۆژ پێش ئێستا قوربانیان لە پێناو چاكسازی دا، بۆیە داواكارییەکانیان دووپات دەكەینەوە كە سزای بكوژەكانیان بدرێت.

وتارەكەی مەرجەعیەت جەختیشی لە چەند خاڵێك كردەوە كە ئەو ھێزانەی دەستیان بە دەسەڵاتەوە گرتووە، دەرفەتێكی ناوازەیان ھەیە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران، بەپێی نەخشەڕێگەیەك كە ھەموان لەسەری رێكبكەون، لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێبەجێبكرێت، سنوورێك بۆ ئەو سەردەمە درێژەی گەندەڵی و پشكپشكێنەی بێزراو و نەبوونی دادگەری كۆمەڵایەتیدا بنێت، دواخستنیشی رێگەپێدراو نییە، لەبەرئەوەی مەترسی زۆر دەوری ئەم وڵاتەی داوە.

وتیشی: "پارێزگاریكردن لە سیمای ئاشتییانەی خۆپیشاندانەكان بە ھەموو جۆرەكانییەوە گرنگی زۆری ھەیە، بەرپرسیارێتی گەورەش دەكەوێتە ئەستۆی ھێزە ئەمنییەكان كە دەبێت خۆیان لە بەكارھێنانی توندوتیژی بپارێزن، لە كاتێكدا تێبینی دەكرێت زۆرینەی خۆپیشاندەران ئاشتییانەی خۆپیشاندانەكان دەپارێزن، پارێزگاری لە ماڵی گشتی دەكەن، كەمینەی خراپ نابێت دیمەنی خۆپیشاندانەكان بشێوێنن".

ئاشكراشیكرد: ھەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی هەن، لە ساڵانی رابوردوودا زیان و ئازاری زۆریان بە عێراق و عێراقییەكان گەیاندووە، خەڵكیان قاتوقڕكردووە، ئێستاش دەیانەوێت ناڕەزایەتییەكان بۆ بەدەسھێنانی ئامانجەكانیان بەكاربھێنن، پێویستە خۆپیشاندەران وریا بن، كەلێن نەخەنە ریزەكانیان و ئاڕاستەی كاروانی بزوتنەوەی چاكسازی نەگۆڕن.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure