له‌پارێزگایه‌کی هەرێم وه‌رگرتنى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك له‌ ساڵى ئاینده‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 468‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: وه‌رگرتنى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك له‌ هاووڵاتیان به‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى ده‌رچووه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى له‌ سێ هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ پێنج هه‌زار دینار ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ سلێمانى كه‌وتووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جیكردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.

كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى بڕیاردرا به‌ وه‌رگرتنى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك له‌ هاووڵاتیان به‌ شێوه‌ى مانگانه‌، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ نووسراوه‌كه‌مان ئاڕاسته‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌ جۆرێك پێده‌چێت له‌سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوه‌وه‌ بێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى دیاریكراوه‌ له‌ سێ هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ پێنج هه‌زار دیناره‌، ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ى دوورى و نزیكى گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌كان گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، هاوكات ئێمه‌ داوامان له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى كردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نیا بڕى یه‌ك هەزار دینار وه‌ربگیرێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ ده‌رچووه‌ نه‌توانراوه‌ ئه‌و پێشنیاره‌ى ئێمه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌رببڕدرێت.

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ پاره‌ى خۆڵ و خاشاكەکە کۆدەکرێتەوە هه‌روه‌ها بڕى ئه‌و پاره‌یەى كه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ رێژه‌یه‌كى بۆ حكومه‌ت و رێژه‌یه‌كیشى بۆ كۆمپانیاكه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ تائێستا هیچ جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕدراوه‌ له‌باره‌ى ئه‌م بڕیاره‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure