دواڕۆژ زانیاری نوێ لەسەر كەیسەکەی حەمكۆ بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 3809‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

پارێزەری ئەو كچەی كە سكاڵای دژ بە حەمكۆ تۆماركردووە، بە تۆمەتی ئەوەی دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەری، رایدەگەیەنێت: ئێمە بڕیاری دادگا بە یاسایی نازانین و پێمان وابوو نەدەكرا حەمكۆ ئازاد بكرێت بۆیە بڕیارەكەمان تەمییز كردووەتەوە.


لە رۆژی 21ی مانگی ئەیلولی 2019وە حەمكۆ، هونەرمەندی كۆمیدی لەسەر سكاڵای كچێكی هاوڕێی خۆی دەستگیركراوە، بە تۆمەتی ئەوەی كە دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەری، دانیشی بە تاوانەكەیدا ناوە، بۆیە بە مادەی 395 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە كە مادە یاساییەكە بریتییە لە سزادانی كەسێك كە تاوانی سێكسیی دژی كچێك كردووە كە پێشتر بەڵێنی هاوسەرگیریی پێداوە.

یاسین وەلی حەداد، پارێزەری ئەو كچە بە دواڕۆژی راگەیاند: ماوەی چوار رۆژە هونەرمەند حەمكۆ  ئازادكراوە، بەڵام ئێمە بەو بڕیارەی دادوەر رازی نین و پێمان  وابوو دەبوو دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری ئازادكردنی نەدات، بەڵام دادوەر بڕیاری ئازادكردنەكەی دەركرد.
 
وتیشی: "ئێمە جارێكی تر بڕیاری دادوەرمان تەمییز كردووەتەوە، چونكە ئێمە لە داوا یاساییەكەی خۆمان خۆش نابین و بەردەوام دەبین لەسەر كەیسەكە  تا ئەو كاتەی دادوەر بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات".

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا ئەو كچە هەڕەشەی لەسەرە لەلایەن خێزانەكەیەوە، بۆیە لە ماڵەوە نییە، هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە چارەسەركردنی كێشەكەی دەكەن بە كۆمەڵایەتی دوورە لەڕاستییەوە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure