فرسەت سۆفی بە پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 568‌ جار بینراوە
فرسەت سۆفى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر فۆتۆ: ئاراس عەزیز

تاگ :: هەولێر

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

لەمیانەى دانیشتنى ئەمڕۆى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێردا، فرسەت سۆفى کاندیدکراوى پارتى وەک پارێزگارى نوێى شارەکە هەڵبژێردرا.


(ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلولى 2019) کۆبونەوەى ژمارە 70ی ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر بۆ هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ بەڕێوەچوو و لەمیانەیدا فرسەت سۆفی لە كۆی 28 ئەندامی ئەنجوومەن كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون بە 27 دەنگ متمانەی بوون بە پارێزگاری پێدرا.

فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی بەهۆی قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان بڕیاریاندا دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن، فراکسیۆنى کۆمەڵ-یش دەنگدانى رەتکردەوە.

بەپێی رێكارە یاساییەكان، بە نووسراوێكی فەرمی پارێزگارى هەڵبژێردراو بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەرزدەكرێتەوە و لەوێ فەرمانی هەرێمی بۆ دەردەچێت و پاشان لەبەردەم سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات.

دوای 15 ساڵ له‌ پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر، نه‌وزاد هادى، رۆژى سێشه‌ممه‌ 10ى ئه‌یلول، دواین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوەبه‌ره‌كانى سنوورى هه‌ولێر ئه‌نجامدا و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌شكرد و له‌ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى هه‌ولێریش كه‌ وابڕیاره‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئەیلولى 2019) ئه‌نجامبدرێت له‌ شوێنى ئه‌و فرسه‌ت سۆفى به‌پێى یاسای نوێى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان هه‌ڵده‌بژێردرێت.

بەگوێرەى یاسای نوێی پارێزگاکانى هەرێم دەبێت فراکسیۆنى زۆرینە و براوەى یەکەم، کاندیدێک لەناو ئەنجومەنەوە یاخود لە دەرەوەى ئەنجومەن پێشکەش بکات و به‌گوێره‌ى یاساكه‌ش كاندید ده‌توانێت ببێته‌ پارێزگار ئه‌گه‌ر له‌ كۆى 30 ئەندام لە فراکسیۆنە جیاوازەکانى ئەنجومەنەکە بتوانێت ده‌نگى 16 ئه‌ندام به‌ده‌ستبهێنێت.

کورتەیەک لە ژیانى فرسەت سۆفى، پارێزگارى هەڵبژێردراو:

ساڵی 1978 لەدایکبووە
دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە 
مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بووە
ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بووە
ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بووە
ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بووە
ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بووە 
سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە

داڕشتنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure