كتێبێك ده‌رباره‌ى حه‌مه‌تاڵى بانه‌

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 360‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابوردوودا، كتێبێكى ترى كه‌مال نورى مه‌عروف-ى مێژوونووس و شوێنه‌وارناس، به‌ ناونیشانى (مێژووى خه‌بات و به‌سه‌رهاتى حه‌مه‌تاڵى بانه‌) كه‌وته‌ كتێبخانه‌كان و به‌ردیده‌ى خوێنه‌ران.


كتێبه‌كه‌ له‌ شارى سلێمانى و له‌ دووتوێى 130 لاپه‌ڕه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كى كۆتاییه‌كه‌ى كراوه‌ته‌ ئه‌لبوومێك بۆ وێنه‌ى به‌شێك له‌و كه‌سێتییانه‌ى له‌ ناوه‌رۆكى كتێبه‌كه‌دا ناویان هاتووه‌.

كه‌مال نورى مه‌عروف له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌  حه‌مه‌تاڵ، ناوى محه‌مه‌د كوڕى فه‌قێ حه‌مه‌ میرازیه‌، ساڵى 1892 له‌ خێزانێكى كوردپه‌روه‌ر له‌ شارى بانه‌ له‌دایكبووه‌. له‌به‌ر نه‌بوونى قوتابخانه‌ له‌ بانه‌ و ده‌وروبه‌ریدا، حه‌مه‌تاڵ هیچى نه‌خوێندووه‌ (دواتر له‌ به‌ندیخانه‌ خۆى فێرى خوێنده‌واریى ده‌كات)، وه‌ك منداڵێك خه‌ریكى كارى كشتوكاڵ بووه‌. كه‌ ته‌مه‌نى ده‌گاته‌ 15 ساڵ، له‌به‌ر وریایى و لێهاتووییه‌كه‌ى له‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵییه‌یدا، باوكى له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یباته‌ كاروانى و ده‌بێته‌ سه‌رقافڵه‌چیى كاروانه‌كان.

حه‌مه‌تاڵ، وێڕاى لێهاتوویى و زیره‌كى، له‌شولارێكى به‌هێز و باڵایه‌كى به‌رزى هه‌بووه‌، سوارچاكێكیى كه‌موێنه‌ى سه‌رده‌مى خۆى و كه‌سێكى مۆن و كه‌مدوو بووه‌. رۆسته‌م خانى بانه‌، كه‌ پیاوێكى ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌واى ناوچه‌یه‌كى فراوانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بووه‌، داوا له‌ فه‌قێ حه‌مه‌ میرزاى باوكى حه‌مه‌تاڵ ده‌كات، كوڕه‌كه‌یى بداتێ و لاى ئه‌و بمێنێته‌وه‌، باوكیشى رازیى ده‌بێت و حه‌مه‌تاڵ ده‌چێته‌ لاى رۆسته‌م خانى بانه‌. له‌به‌ر (مۆن)ییه‌كه‌ى، رۆسته‌م خانى بانه‌ ناسناوى (حه‌مه‌تاڵ)ى ده‌داتێ و ئیدى به‌و ناوه‌وه‌ ناوبانگ ده‌رده‌كات. 

دواى سه‌ركه‌وتنى له‌ شه‌ڕێكى دژى سوپاى رووسیا، حه‌مه‌تاڵ ده‌چێته‌ لاى شێخ مه‌حمودى حه‌فید و رۆسته‌م خانى بانه‌ "هه‌ردووكیان به‌ره‌وپیرى ده‌ڕۆن و ناوچه‌وانى ماچ ده‌كه‌ن، شێخ به‌ ده‌نگێكى به‌رز ده‌ڵێت حه‌مه‌تاڵ له‌ئێستاوه‌ ناوه‌كه‌ت ده‌گۆڕم له‌ حه‌مه‌تاڵ-ه‌وه‌ بۆ حه‌مه‌شیرین، حه‌مه‌تاڵ سوپاسى شێخ ده‌كات، به‌ڵام ده‌ڵێت هه‌ر ناوه‌كه‌ى خۆمم لاشیرینه‌ چونكه‌ هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ ناسراوم". 

له‌م كتێبه‌دا وێستگه‌كانى قاره‌مانێتى و ئازایه‌تى و به‌شێك له‌ كاره‌كانى حه‌مه‌تاڵى بانه‌ و بوونى به‌ حاكمى سه‌قز و مانه‌وه‌ى له‌ سلێمانى و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ بانه‌ و ده‌ستگیركردنى و هه‌ڵهاتى له‌ زیندان و رووداوه‌كانى ئه‌و ساڵانه‌ و چه‌ندین بابه‌تى دیكه‌ باسكراوه‌.
حه‌تاڵى بانه‌، به‌ پیلانێك له‌كاتى نانخواردن و له‌ ساڵى 1937دا ده‌كوژرێت.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure