پارێزگارى نوێى هه‌ولێر هه‌ڵده‌بژێردرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 95‌ جار بینراوە

تاگ :: هەولێر

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، پارێزگارێكى نوێ هه‌ڵبژێرێت و به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژیش زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كان ده‌نگ به‌ كاندیدى پارتى بۆ پۆستى پارێزگا ده‌ده‌ن.


دوای 15 ساڵ له‌ پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر، نه‌وزاد هادى، رۆژى سێشه‌ممه‌ 10ى ئه‌یلول، دواین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوەبه‌ره‌كانى سنوورى هه‌ولێر ئه‌نجامدا و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌شكرد و له‌ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى هه‌ولێریش كه‌ وابڕیاره‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئەیلولى 2019) ئه‌نجامبدرێت له‌ شوێنى ئه‌و فرسه‌ت سۆفى به‌پێى یاسای نوێى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان هه‌ڵده‌بژێردرێت.

بەگوێرەى یاسای نوێی پارێزگاکانى هەرێم دەبێت فراکسیۆنى زۆرینە و براوەى یەکەم، کاندیدێک لەناو ئەنجومەنەوە یاخود لە دەرەوەى ئەنجومەن پێشکەش بکات و به‌گوێره‌ى یاساكه‌ش كاندید ده‌توانێت ببێته‌ پارێزگار ئه‌گه‌ر له‌ كۆى 30 ئەندام لە فراکسیۆنە جیاوازەکانى ئەنجومەنەکە بتوانێت ده‌نگى 16 ئه‌ندام به‌ده‌ستبهێنێت.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانى پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، مه‌سیحى و توركمانه‌كان ده‌نگ به‌ كاندیده‌كه‌ى پارتى ده‌ده‌ن و هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى حیزبه‌كانیان ده‌كه‌ن.

پ: چ.ع
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure