بەهۆی هەواڵێكی دواڕۆژەوە ئیدارەی پێنجوێن هەڵوێست وەردەگرێت و دێتەدەنگ

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 103‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

دوای ئەوەی دواڕۆژ لە هەواڵێكدا ئاشكرایكرد كە پێچەوانەی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، لەلایەن خاوەن كەپرەكانی (عەلوەی كاتی) لە سنووری قەزای پێنجوێن، عمولە لە جووتیاران وەردەگرێت و ئیدارەی قەزاكە بڕیارێكی نوێی دەركرد.

هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بەوەكالەت (ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ى ئەیلولى 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەدوای نیگەرانی زۆری جووتیارانی سنوورەكەمان بەهۆی وەرگرتنی عمولە لێیان، لەلایەن خاوەن كەپرەكان (عەلوەی كاتی) لەسەر رێگەی (پێنجوێن و ناحیەی گەرمك) لەكاتی فرۆشتن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، ئێمەش وەك ئیدارەی ناوچەكە لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستمان وەرگرت.

وتیشی: "پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (3) لە رێكەوتی 3ی تەمموزی 2017ی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، بەهیچ جۆرێك عمولە لە جووتیار (فرۆشیار) وەرناگیرێت، تەنیا لە (6%) لە كڕیار وەردەگیرێت كە بڕەكەی 7 هەزار دینار حەماڵی لە جووتیار وەردەگیرێت بۆ هەر تۆنێك".

روونیشیكردەوە: "هەر خاوەن عەلوەیەك پێچەوانەی ئەم بڕیارە بکات، ئەوا رێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

سەروەر كەریم، لێپرسراوی لیژنەی ئابوری لە قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن بۆ دواڕۆژ، وتی: "بەداخەوە ماوەیەك لەلایەن خاوەن كەپرەكانەوە ئاگادارین كە لەبەرامبەر هەر تۆنێك لەبەرهەمە كشتوكاڵییە پێگەیشتووە هاوینەكان لە (10 بۆ 30) هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرا".

ئاشكراشیكرد: دوای هەواڵەكەی ماڵپەڕی دوارۆژ، دەستدەكەین بەگەڕان و هەر كەسێك ئەو پارە زۆرەی وەرگرتبێت ئاگاداری دەكەینەوە و سەرپێچیكار سزادەدەین.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure