ده‌سته‌ى نوێى به‌ڕێوه‌بردنى جڤاتى گشتى گۆڕان هەڵبژێردرا

هەواڵ / کوردستانی :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 698‌ جار بینراوە
جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان فۆتۆ: ئەرشیف

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ى نوێى به‌ڕێوه‌بردنى جڤاتى گشتى گۆڕان كۆتایى هات و (جه‌مال محه‌مه‌د) به‌ سه‌رۆكى جڤاته‌كه‌ و (عەلى عەبدوڵا) به‌ جێگرى و (پێشڕه‌و ره‌ئوف) به‌ سكرتێرى جڤاته‌كه‌ هه‌ڵبژێردران.


هەڵبژاردنەکە (ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ى ئەیلولى 2019) لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە سلێمانى بە سەرپەرشتى ژووری هەڵبژاردن و ژووری یاسایی بەڕێوەچوو.

به‌پێى ده‌ستورى گۆڕان، راسته‌وخۆ جه‌مال محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆكى نوێى جڤاتى گشتى ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن.

وابڕیاریشه‌ (رۆژى شه‌ممه‌ى 14ى ئه‌یلولى 2019)، جڤاتى نیشتمانى رێكخه‌رى گشتى و سكرتێرى جڤات و ئه‌ندامانى دیكه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێرێت.

جڤاتی گشتی گۆڕان جڤاتێکی راوێژکارییە. بەپێی دەستوری گۆڕان، تێکڕای ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی 60 کەسن، خانەی راپەڕاندن کە باڵاترین دامەزراوەی بزوتنەوەکەیە پێکدێت، لە حەوت کەس ئەوانیش، رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆنەکان، ژوورەکان، باژێرەوانەکان، خەڵک و سەرۆکی جڤاتی گشتی.

هەر به‌پێى ده‌ستورى گۆڕان هه‌ر دوو ساڵ جارێك ده‌سته‌ى نوێ بۆ جڤاتى گشتى و سكرتێرى نوێ بۆ جڤاتى نیشتمانى و رێكخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێن.

پ: چ.ع
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure