ئه‌مڕۆ جڤاتى گشتى گۆڕان ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 73‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

وابڕیاره‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2019)، جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری جڤاته‌كه‌یان هه‌ڵبژێرن.

عه‌لی چه‌له‌بی، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ دواڕۆژی وت: "ئه‌مڕۆ جڤاتی گشتی كۆده‌بینه‌وه‌ و تیایدا به‌ ده‌نگدان سه‌رۆك و سكرتێر و جێگری سه‌رۆك بۆ جڤاته‌كه‌مان هه‌ڵده‌بژێرین".

وتیشی: "سه‌رۆكی جڤاتی گشتی راسته‌وخۆ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی و ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن".

هاوكات، چالاكى موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان، بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌مڕۆ جڤاتى گشتى هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ى نوێ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌یان راسته‌وخۆ ده‌بێته‌ ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن، رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتووش جڤاتى نیشتمانى رێكخه‌رى گشتى و سكرتێرى جڤات و ئه‌ندامانى دیكه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵده‌بژێرن".

جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جڤاتێكی راوێژكارییه‌ و ئێستا نزیكه‌ی 58 ئه‌ندام ده‌بن كه‌ له‌ كه‌سانی به‌ ئه‌زموونی بواره‌ جیاجیاكان پێكدێن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى دواڕۆژ هه‌ریه‌ك له‌ (دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش و جه‌مال محه‌مه‌د) بۆ پۆستى سه‌رۆكى جڤاته‌كه‌ كاندیدن و هه‌ریه‌ك له‌ (كورده‌ چاوشین و نه‌سرین جه‌مال) بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى جڤاتى گشتى خۆیان كاندیدكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش  (پێشڕه‌و ره‌ئوف) وه‌ك تاكه‌ كاندیدێكى بێ ركابه‌ر خۆى بۆ پۆستى سكرتێرى جڤات كاندید كردووه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی كه‌ له‌ناوخۆی بزوتنه‌وه‌كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان كراوه‌ و وابڕیاره‌ جه‌مال محه‌مه‌د، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی ئێستا بكرێته‌ سه‌رۆكی جڤاتی گشتی و پێشڕه‌و ره‌ئوف بكرێته‌ سكرتێری جڤاته‌كه‌ و ئه‌گه‌رێكى به‌هێزیش هه‌یه‌ نه‌سرین جه‌مال بكرێته‌ جێگرى سه‌رۆكى جڤات، بۆ ئه‌وه‌ى ژنێك له‌ ده‌سته‌ سێ كه‌سییه‌كه‌دا بێت.

له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت و جه‌مال محه‌مه‌د ببێته‌ سه‌رۆكی جڤاتی گشتی، راسته‌وخۆ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی و ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن کە هاوڕێی دێرینی عومەری سەید عەلی-یە.

پ: چ.ع
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure