كفتە و شفتە و دۆڵمە لەچێشتخانەكانی توركیا هەواداری زۆرە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/07/2019‌ :: 238‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی لەڕێگەی کەرتی گەشتیاری دابین دەکات، گەشتیاری سەرجەم وڵاتانی دونیا سەردانی تورکیا دەکەن، لەنێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کلتور و گەشتیاری تورکیا، تەنیا لەشاری ئەستەنبوڵ ژمارەی چێشتخانە عێراقییەکان بەراورد بەساڵی ڕابوردوو دوو هێندە بووە، بەجۆرێک ساڵی پار 21 چێشتخانەی عێراقی هەبوون، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی چێشتخانەکان گەیشتووەتە 40 چێشتخانە.

ئەحمەد گوڵ ئۆغلو، کە تورکە و خاوەنی چێشتخانەی تاج عێراقە لە ئەستەنبوڵ، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زیاتر لە 31 ساڵە چێشتخانەم هەیە، بەڵام دە ساڵ پێش ئێستا کە بینیمان خەڵکێکی زۆری عێراقی دێنە ئەستەنبوڵ، بیرم لەوە کردەوە چێشتخانەیەکی خواردنی عێراقی دانێم".

ئەحمەد گوڵ ئۆغڵو، چیرۆکی فیربوونی ئەو خواردنە عێراقییانەش دەگێڕێتەوە کە فێری بووە و دەڵێت: "لە گوگڵ گەڕام بەدوای خواردنی عێراقی زیاتر لە مانگێک سەرقاڵی دروستکردنی زۆربەی خواردنەکان بووم".

گوڵ ئۆغڵو، دەشڵێت: "فێری ساوەر و بریانی و کفتە و شفتەش بووم، بەڵام دۆڵمەی عێراقی زۆر بەتام تر دەرچوو لە هی خۆمان".

سەبارەت بە فرۆشی ڕۆژانەیان دەڵێت: "ڕۆژانە لە 40 گەشتیار 5 یان خەڵکی وڵاتانی دیکەن زۆرترین عێراقی سەردانمان دەکەن زۆرترین خواست لەسەر برنج و فاسۆلیا و ساوەرە".

گوڵ ئۆغڵو باسی کوردەکانیش دەکات و دەڵێ: "زۆربەی قاچاخچییە کوردەکان کۆنتاکتیان لەگەڵ ئێمە هەیە و نەفەرەکانیان دەهێننە لای ئێمە ئەمە وایکردووە کوردێکی زۆر سەردانمان بکەن".

ئیمان ساڵح و خانەوادەکەی کە خەڵکی کەرکوکن، بۆ جاری دووەمە دێنە تورکیا لەنێو ڕێستۆرانتی تاج عێراق بۆ دواڕۆژ دەڵێت:  "جاری یەکەم لەگەڵ هاوسەرەکەم هاتم دوای چوار ڕۆژ لە خواردنی چێشتخانە تورکییەکان دواتر هاتین لێرە نانمان خوارد ئینجا کێشەی خواردنمان نەما".

ئیمان ساڵح، دەشڵێت: "ئەمساڵ چوینە دوو چێشتخانەی دیکە کە ئەوانیش عێراقی بوون، ئێستا چێشتخانەی عێراقی زۆر بووە کێشەی خواردنمان نەماوە، چونکە خواردنە تورکییەکان بۆ ئێمە خۆش نین".

جەنگی هادی، گەشتیارێکی دیکەی کوردی خەڵکی هەولێرە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "چێشتخانە عێراقییەکان لەگەڵ ئەوەی خواردنیان وەک خواردنەکانی خۆمانە، نرخیشیان هەرزاترە لە خواردنە تورکییەکان".

جەنگی هادی، دەشڵێت: "لە چێشتخانە تورکییەکان ژەمێک خواردنی نیوەڕۆ زیاتر لە 80 لیرەی تێدەچێت، بەڵام لە خواردنگە عێراقییەکان دوو قاپ برنج و شلە و سینگی مریشک و فاسۆلیا و زەڵاتەیەک و ئاو و کۆلاش ئینجا 45 لیرەمان داوە".

خواردنگە عێراقییەکان تەنیا جێگای عێراقییەکان نییە، بەڵکو تورکەکانیش ئێستا سەردانی ئەو خواردنگانە دەکەن.

عەلی سابیر، خاوەنی خواردنگەیەکی دیکەی عێراقییە لە ئەستەنبوڵ، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "دوو ساڵە لە تورکیا کاردەکەم سەرەتا تەنیا کورد و عێراقییەکان دەهاتنە لامان، بەڵام ئێستا تورکەکانیش سەردانمان دەکەن و خواردنەکانیان لا خۆشە."

عەلی سابیر دەشڵێت: "زیاتر لە بیست مشتەری تورکم هەیە زۆربەی جار خواردنەکانمان بۆ ماڵەوەش دەبەنەوە، بەتایبەت حەزیان لە کفتە و دۆڵمەی عێراقی".
پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure