عەرەبی کەرکوک دژی دانانی پارێزگارێکی کورد خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2019‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لەدوای دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، نیگەرانی حیزبە سیاسییەکانی عەرەبی لێکەوتووەتەوەو دژی ئەو هەنگاوەش خۆپیشاندانێکی فراوانی ناڕەزایەتی رێکدەخەن.


حاتم تائی سەرکردە لە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی ئەمڕۆ هەینی ١٢ی تەمموز بەدواڕۆژی راگەیاند "خۆپیشاندانەکە بۆ گەیاندنی پەیامێکە بەهەموو لایەک کە تاکڕەوی لەبڕیاردان و سەپاندنی کەسایەتییەک بەسەرماندا بەبێ گەڕانەوە بۆ خەڵکی شارەکەو رێککەوتن لەگەڵیاندا بابەتێکی قبوڵنەکراوە."

وتیشی: "دەبوو حیزبە کوردییەکان لەگەڵ لایەنەکانی کەرکوکدا کۆببوونایەتەوەو بەیەکەوە بڕیارمانبدایە لەسەر کاندیدێک کە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەک بوایە".

ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە سیاسییەکانی عەرەب و تورکمان لەگفتوگۆی بەردەوامن لەگەڵ یەکێتی و پارتی سەبارەت بەچارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام بڕیاری هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پارێزگار بەبێ وتوێژ لەگەڵماندا تووشی شۆکی کردین.

دواڕۆژ زانیوێتی کە هیزە سیاسییەکانی عەرەب هەموو هەوڵێکی خۆیان خستووەتەگەڕ و ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە فراوان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیانکردووە بە گواستنەوەی خەڵک لەحەویجە و دوبزەوە بۆ سەنتەری شارەکە بەمەبەستی بەشداریکردن لەخۆپیشاندانەکە.

ئەو سەرکردەیەی عەرەب ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کریکاران، جوتیاران و سەرجەم توێژەکان بەشدار دەبن.
بڕیارە خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت.

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure