سەركردەیەكی گۆڕان: مەسرور بارزانی بەكەسێكی لێهاتوو و بەهێز دەزانم

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1304‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "كابینەی پێشوو كابینەی دروستكردنی قەیرانەكان بوو، بەڵام ئەم حكومەتە دەبێت كابینەی چارەسەری قەیرانەكان بێت، بەرپرسی گۆڕانیش ئاماژە بەوەدەكات ئەگەر هێزی حكومەتەكە لە 100% بێت ئەوا 75%ی لای مەسرور بارزانییە، بەڵام بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت: "بەپشتبەستن بە 27 ساڵی رابردووی حكومڕانی لەكوردستان و بەپێكهاتەی حیزبەكانی ئەم كابینەیە، ناتوانێت گۆڕانكاری جەوهەری و كاریگەر بكات".


دوای زیاتر لە نۆ مانگ لەهەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 10ی تەمموزی 2019 كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و كوڕی گەورەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، هاتە بوون و لەپەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

ئەم كابینەیە سێ لایەنی سەرەكی تێیدا بەشدارن (پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12 كورسی) لەگەڵ پێكهاتەكان، چوار لایەنیش ئۆپۆزسیۆنن (نەوەی نوێ 8 كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی 7 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی 5 كورسی، حیزبی شیوعی 1 كورسی)، كابینەكەش لە 21 وەزارەت پێكدێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕۆژی سوێند خواردنی لەپەرلەمانی كوردستان هێڵە گشتییەكانی كابینەكەی ئاشكراكرد كە دەیەوێت گەندەڵی نەهێڵێت و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بكاتەوە و ئاماژەی بەوەشكرد، كە حكومەتێكی قەرزداری چەند ملیار دۆلارییان وەرگرتووە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی رایگەیاند "كارنامەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كارنامەی لایەنەكانی بەشداری حكومەتە و ئەو حیزبانەی لەنووسینەوەی كارنامەكە بەشدارن، دەبێت پشتگیری حكومەتی نوێ بكەن".

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكۆنگرەكەدا رایگەیاند "ئەوان رێككەوتنیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كردووە پشتگیرییان دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە و بەرنامانەی بۆ خزمەتی خەڵك و پاراستنی دەستكەوتەكان هەیانە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەركی ئەم حكومەتە لەئەركی حكومەتی پێشوو قورسترە، راستە حكومەتی پێشوو حكومەتی قەیران بوو لەگەڵ بەغدا و شەڕی دژی داعش، بەڵام ئەم حكومەتە حكومەتی راستكردنەوەی هەڵەكانی كابینەی پێشووە، بەمانایەكی دیكە كابینەی پێشوو كابینەی دروستكردنی قەیرانەكان بوو، بەڵام ئەم حكومەتە دەبێت كابینەی چارەسەری قەیرانەكان بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان لایەنێكی پێكهێنەری حكومەتی نوێیە و د. سابیر ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە، كابینەی نوێ لەهەموو كابینەكانی دیكە بەسەركەوتووتر دەبینێت، لەبەرئەوەی سەرۆكی كابینەكە بەهێزترین كەسی نێو پارتی دیموكراتی كوردستانە، تائێستاش هەموو حیزبەكان روویان لەپارتی بووە كە بەرپرسی یەكەمە بۆ چارەسەری كێشەكان.

ناوبراو وتی: "مەسرور بارزانی بەكەسێكی لێهاتوو و بەهێز دەزانم، ئەگەر هێزی حكومەتەكە لە 100% بێت، ئەوا 75%ی لای مەسرور بارزانییە و 25%یشی لای وەزیرەكانە، لەبەرئەوەی وەزیرەكان بەوەزیرەكانی پارتیشەوە بەبۆچوونی مەسرور بارزانی هەڵنەبژێردراون، واتە چەند سیڤییەك نەخراوەتە بەردەست مەسرور بارزانی تا باشترینیان هەڵبژێرێت، بەڵكو مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و خزمایەتی و بەرژەوەندی، كاری لەسەر هەموو حیزبەكان كردووە بەحیزبەكەی خۆیشمەوە كە هەندێك كەسیان ناردۆتە نێو حكومەتەوە شایەنی بوون بەوەزیری نەبوون".
 
د.سابیر ئیسماعیل ئاماژەی بەوەكرد: "بەدووری نازانم مەسرور بارزانی هەندێك كۆسپ بێتە بەردەمی، بەڵام لێرەدا دەوەستێتە سەر ئەوەی چەند راوێژكاری بەهێزی دەبێت كە یارمەتی بدەن یان قەرەبووی بێهێزی هەندێك لەوەزیرەكانی بكەنەوە كە چوونەتە نێو كابینەكەی".

بەشێك لە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن پێشبینی سەركەوتنی زۆر بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكەن، شوان رابەر، بڕیاردەری سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها لە سێ لایەنی سەرەكی پێكدێت ئەو لایەنانەش بەپێی رێككەوتن حكومەتیان پێكهێناوە، سێ لایەنی دیكەی سەرەكیش (كۆمەڵ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ)ی تیا نییە كە بەهەق و یاسا لەهەڵبژاردنەكە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.

رابەر دەڵێت: "جارێ‌ ناتوانین حكومەت هەڵسەنگێنین تا كار نەكات، ئەم حكومەتە ناچارە كار بكات، لەبەرئەوەی خەڵكێك پێشبینی خراپی بۆ دەكات، گەندەڵی و  دەنگی ناڕازی زۆرە، یاسا و پڕۆژەی ماوە زۆرن، كێشە زۆرن، وەك زەوی داگیركراو، زیادەڕۆیی، بێكاری و بێكارەبایی و بێئاوی و دەیان كێشەی دیكە، هەموو ئەوانە پێویستە حكومەتی ئایندە چارەسەریان بكات، وەكو پێویستیش پێی چارەسەر ناكرێت، ئەوەش لەبەر هەژموونی حیزب، ململانێی نێوان دەستەكانی ناو حیزب".
 
هەروەها ئەبو كاروان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: بەپشتبەستن بە 27 ساڵی رابردووی حكومڕانی لەكوردستان، بەپشتبەستن بەپێكهاتەی حیزبەكانی ئەم كابینەیە، بەپشتبەستن بەبەرنامەی هەڵبژاردنی ئەو حیزبانەی بەشدارن و بەپشتبەستن بەكۆمەڵێك كێشەی كەڵەكەبووی كابینەكانی پێشتر، ئەم كابینەیە ناتوانێت گۆڕانكاری جەوهەری و كاریگەر بكات.

سەبارەت بەوەی بۆچی لەئێستاوە رەشبینن؟ ناوبراو روونیكردەوە :"رەشبین نین، بەڵام ئێمە كۆمەڵێك ئەزموونمان لەسەر ئەم دەسەڵاتە هەیە، بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەو حیزبانەی كە بەڕێوەی دەبەن بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەبەرنامەی هەڵبژاردنیان گۆڕانكاری سیاسی، ئابووری، گشتی تێدا نییە، بۆیە پێشبینی گۆڕانكاری ناكەین".
پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure