دانوستانی پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ به‌غدا و لایه‌نه‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 11/07/2019‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی پارتی و یه‌كێتى گه‌ڕێكی دیكه‌ی دا‌نوستاندنه‌كانیان له‌باره‌ی پرسی كه‌ركوك ببه‌نه‌ به‌غدا و رێككه‌وتنی هه‌ردوولا له‌سه‌ر كاندیدی كورد بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك لەگەڵ لایەنەكانی دیكه‌ تاوتوێبكه‌ن.


له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابوردوو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان شاندی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامدراوه‌.

به‌شێك لەو‌ كۆبوونه‌وانە به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كراوە و سێشه‌ممه‌ی رابوردووش عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: رێککەوتن کراوە لەنێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی بۆشایی ئه‌منی تێدایە له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێم.

له‌دوای واژۆكردنی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئاساییكردنەوەی رەوشی کەرکوك لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا له‌گه‌ڵ شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌غدا و كه‌ركوك کۆببنەوە.

(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزى 2019) مەحمود محەمەد، وته‌بێژی پارتی له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: کەرکوک بارێکی نائاسایی هەبووە و ویستوومانە ئەو بارە نائاساییە بگۆڕین، سەقامگیریی ئەمنیی بگەڕێندرێتەوە.

ئاماژەشی بەوەدا: لیژنەی هاوبەش هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و گرنگە هەموو لایەک بەشداربن لە ئیدارەدانی ئەو شارەدا.

هاوكات شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکوك به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دانوستانەکان بەباشی بەڕێوەدەچن و لەلایەن ھەردوولاوە ئیراده‌ش ھەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، چونكه‌ ھەرێم و بەغداش باوەڕیانوایه‌ کە پێویستە رەوشی کەرکوك ئاسایبكرێته‌وه‌.

ئاشكراشیكرد: پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێـت و له‌ دانوستاندنه‌كانی رابوردووش له‌باره‌ی كه‌ركوك یەکێتی تێیدا بەشداربووە.

لاى خۆیه‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: به‌پێی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی پێویسته‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوودا شانده‌ هاوبه‌شه‌كە گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا و لایه‌نه‌ كه‌ركوكییه‌كان چڕتر بكه‌نه‌وه‌، تاوه‌كو زه‌مینه‌ بڕه‌خسێندرێ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و دانانی پارێزگار و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی قۆناغێكی نوێ له‌و شاره‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure