16 بارى جبس دواى 40 رۆژ مانه‌وه‌ له‌به‌ر هه‌تاو هاورده‌ى هه‌رێم كرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 985‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ مه‌رزى په‌روێزخان به‌هۆى كه‌مى كێشیان 16 بارى جبس بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى 40 رۆژ راده‌گیرێن، به‌ڵام دواتر به‌ بڕیارى دادگا رێگه‌یان پێده‌درێت بهێنرێته‌ هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نیش ده‌ڵێت: "مانه‌وه‌یان له‌به‌ر خۆره‌تاو گومانى خراپبوونى لێده‌كرێت". 


خاوه‌ندارێتى باره‌ جبسه‌كان، كه‌ چه‌ند جۆرێكى جیاوازن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو بازرگان كه‌ له‌ مه‌رزى په‌روێزخان به‌هۆى كێشه‌ى گومركییه‌وه‌ نزیكه‌ى 40 رۆژ راگیران، به‌ڵام  دوێنێ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ دواى ئه‌وه‌ى بازرگانه‌كان 250 ملیۆن دیناریان وه‌كو بارمته‌ داناوه‌، رێگه‌یان پێدرا باره‌كانیان بهێننه‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌.

كه‌ریم عه‌لى سه‌رۆكى لیژنه‌ى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نزیكه‌ى 40 رۆژه‌ له‌ به‌ر خۆره‌تاودان، بۆیه‌ داوامانكرد دیسانه‌وه‌ پشكنینى ته‌ندروستى بۆ بكه‌ن له‌ تاقیگه‌ى باوه‌ڕپێكراو، كه‌چى له‌ مه‌رزه‌كه‌ ته‌نیا دوو پشكنینى بۆن و كه‌ڕووى بۆ كرا و دادگاى قۆره‌تووش رێگه‌یپێدان. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: دواتر چاودێرى باره‌كانیان كردووه‌ و دواى داگرتنیان له‌ گۆگاكانى سنوورى بان ئاسیاو له‌ كفرى، لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئاگاداركرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن رێگرییان لێبكه‌ن و نموونه‌یان بۆ پشكنین ڕه‌وانه‌ بكه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌یشتنه‌ كۆگاكان، 14 ئۆتۆمبێلیان له‌ كه‌لار ده‌رچووبوون و به‌پێى زانیارییه‌كان ره‌وانه‌ى هه‌ولێر و دهۆك كراون، به‌ڵام دوو ئۆتۆمبێلى دیكه‌یان ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌ و نموونه‌یان ره‌وانه‌ى پشكنین كراون. 

كه‌ریم عه‌لى باسیشى له‌وه‌كرد: به‌پێى رێنماییه‌كان كه‌ له‌سه‌ر خودى جبسه‌كه‌ نووسراوه‌ ده‌بێت له‌ شوێنى فێنك دابنرێت و شێدارنه‌بێت، به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانن له‌ رۆژانى رابوردوو پله‌ى گه‌رما له‌ گه‌رمیان نزیكه‌ى له‌ نێوان 40 بۆ 50 پله‌ بووه‌ و ئه‌گه‌ر نموونه‌كان له‌ پشكنین ده‌رنه‌چن، ئه‌وا پێویست ده‌كات باره‌كانى تر بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و ته‌له‌ف بكرێن، چونكه‌ زیانى ته‌ندروستى گه‌وره‌ى ده‌بێت، به‌ تایبه‌تیش ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ به‌ڕادیان نه‌بووه‌ و به‌ چادر داپۆشرابوون. 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا وتیشی: "دواى نزیكه‌ى 40 رۆژ دادگا داواى پاره‌ى كردووه‌ وه‌كو بارمته‌ له‌برى رێگه‌دانیان، له‌كاتێكدا هه‌ر یه‌كه‌م رۆژ ده‌یانتوانى ئه‌و رێگایه‌ بگرنه‌به‌ر و باره‌كان بۆ ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌به‌ر خۆره‌تاو رانه‌گیرێن". 

به‌پێى ئاماره‌كانى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى كه‌لار له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا له‌ سنوورى كه‌لار زیاتر له‌ 20 ته‌ن خۆراكى خراپ و به‌سه‌رچوو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و به‌راورد به‌ ساڵانى رابوردوو رێژه‌كه‌ زیاتر بووه‌. 

ئارام سایه‌خان، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و 16 باره‌ جبسه‌ هه‌ر بارێكیان نزیكه‌ى شه‌ش ته‌ن بووه‌ و له‌ بارهه‌ڵگرى كه‌پسدا بوون و له‌مه‌رزى پشته‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ سنووره‌كه‌ و دواتر بۆ پشكنین ره‌وانه‌ى مه‌رزى په‌روێزخان كراون. 

وتیشى: "له‌كاتى پشكنیندا هیچ كێشه‌یه‌كى پشكنینى ته‌ندروستیان نه‌بووه‌، به‌ڵام كێشه‌كانیان كه‌مكرابووه‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانى تایبه‌ت به‌ پشكنینى قورسایى باره‌كه‌، بۆیه‌ درانه‌ دادگا و له‌لایه‌ن دادگاشه‌وه‌ دواى رێوشوێنى یاسایى و سزادانیان، دوێنێ رێگه‌یان پێدرا باره‌كانیان بهێننه‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: دواتر لیژنه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى داواى پشكنینى كردووه‌ و دیسانه‌وه‌ پشكنینان بۆ كراوه‌ و له‌ پشكنین به‌پێى ئه‌و رێنماییانه‌ى وڵاتى عێراق بۆ پێناسه‌ى گومركى دایناوه‌ ده‌رچووه‌، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كه‌ش كۆمپانیاى پشكنین و به‌رێوه‌به‌رى گومرك و بازرگانه‌كان و ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌ن چوونه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌رى  دادگاى ناوچه‌ى قۆره‌توو و ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ جبس وه‌كو بابه‌ته‌ خۆراكییه‌كانى دیكه‌ نییه‌ و مانه‌وه‌یان له‌ شوێنى سارد نه‌خراوه‌ته‌ نێو رێنماییه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ دادوه‌ر رێگاى پێداون. 

باره‌كان به‌ چادر داپۆشراون و جبسه‌كه‌ش له‌ناو كارتۆن و دواتر له‌ ناو كیسى نایلۆندا بووه‌.  

له‌ئێستاشدا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پكشنینى ئه‌و دوو بارهه‌ڵگره‌ى ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، دوو لیژنه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى چاودێرى ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیابن له‌وه‌ى بزانرێت ئه‌و جبسه‌ بۆ خواردن شیاوه‌ یاخود نا. 

د. محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكى تیمى یه‌ك له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان جبس و ئاو و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان نابێت له‌به‌ر خۆره‌تاو دابنرێن و له‌ ئێستادا له‌ ته‌واوى سنوورى كه‌لار قه‌ده‌غه‌یان كردووه‌. 

وتیشى: "له‌به‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ش تائێستا ده‌یان دوكانداریان له‌سه‌ر دانانى جبس له‌به‌ر خۆره‌تاو سزاداوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگاناده‌ن ئه‌و بابه‌ته‌ خۆراكییانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوكان و ماركێته‌كان بن، چونكه‌ خراپ ده‌بن و بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ شیاونین و نه‌خۆشیان لێ دروست ده‌بێت". 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە