کەسێک دەستگیرکرا لە رێگەی فەیسبووکەوە فێڵی لە کچێک کردووە

هەواڵ / کوردستانی :: 11/07/2019‌ :: 585‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایدەکات: کەسێکیان دەستگیرکردووە كه لە رێگەی فەیسبووکەوە فێڵی لە کچێک کردووە و پارەی لێوەرگرتووە.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی (ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەمموزی 2019) بە دواڕۆژی وت: "پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌لایه‌ن کچێکەوە كه‌ كه‌سێك له‌ رێی‌ په‌یجێكی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ خۆی‌ وه‌ك ئافره‌ت پێناساندووه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ مۆبایلی‌ داوه‌تێ كه‌ ژماره‌ی‌ خۆی‌ بووه‌ و پێیوتووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ژماره‌ی‌ مۆبایلی‌ كه‌سێكی‌ باشه‌ و به‌مه‌به‌ستی‌ هاوسه‌رگیریی‌ پێیناساندووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ش هه‌مان تۆمه‌تبار خۆی‌ بووه‌ و بڕی‌ چوار تا پێنج ملیۆن دیناری‌ لێسه‌ندووه‌".

وتیشی: "له‌لایه‌ن تیمەکانی بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوه‌ زانیاری‌ ورد كۆكرایه‌وه‌ و تۆمه‌تباره‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌ و ده‌ستگیركرا، هه‌روه‌ها ده‌ستگیرا به‌سه‌ر موبایله‌كه‌یدا و ده‌ركه‌وت كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ خۆی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌و په‌یجه‌ی‌ كردووه‌".

سەرکەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا: "تۆمه‌تبار ناوی‌ (ر، ك، م) تەمەنی 27 ساڵە و له‌ئێستادا به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 2 له‌یاسای‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندییكردن راگیراوه‌ و له‌لایه‌ن بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوه‌ په‌ڕاوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ بۆ كراوه‌ته‌وه‌".

نەقیب سەرکەوت داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە بەوریایی‌ و هۆشیارییەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن‌ و متمانە بە پەیج‌ و ئەکاونتە ساختەکان نەکەن، لەبوونی‌ هەر حاڵەتێکی‌ نەخوازراو هێزەکانی‌ پۆلیس ئاگاداربکەنەوە تا بەهانایانەوە بچن‌ و کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure