نرخی گەشتیاریی لە توركیا زیادی كردووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 200‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەشتیاریی شارەکانی تورکیا جمەیان دێت لە گەشتیار، ئەمەش وایکردووە خاوەن هۆتێلەکان بەپێی خواست نرخی مانەوە لە هۆتێل بەرز بکەنەوە، بەجۆرێک مانگ دوای مانگ نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردادێت.


بە بەراورد بە مانگی رابوردوو، نرخی شەوێک مانەوەی دوو کەس لە هۆتێلێکی سێ ئەستێرە لە ئەستەنبوڵ لە 45 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 63 دۆلار، نرخی شەوێک مانەوە لە ژورێکی یەک کەسی50 دۆلارە، نرخی شەوێک مانەوە لە هوتێلێکی چوار ئەستێرە بۆ دوو کەس لە80 دۆلارەوە بووەتە100 دۆلار. زۆربەی هۆتیلەکان شوێنیان نەماوە و پڕن لە گەشتیار.

هاکان ئۆزجان، خاوەنی هۆتێلی ئەسپاڵاسە لە ئەستەنبوڵ بۆ دواڕۆژ وتی:"گرانبوونی نرخ بەدەست ئێمە نییە حکومەت ئاگادارە لە نرخەکان، کاتێک گەشتیار زۆر دەبێت شوێن نامێنێت کێبڕکێ لەنێوان گروپە گەشتیارییەکان دروست دەبێت بۆیە نرخ بەرزدەبێتەوە".


هاکان ئۆزجان، دەڵێت:"مانگی رابوردوو لەنێوان چوار گروپ کێبڕکێ بوو، خۆیان نرخیان لەسەر یەکتر زیاد دەکرد بۆیە بۆ ئێمەش چەند نرخ زۆرتر بێت باشترە. هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی نرخەکان دابەزینی نرخی لیرەیە کە وایکردووە نەتوانین خەرجیی رۆژانەی کرێکار و کەلوپەلی رۆژانەی هۆتێل دابین بکەین بۆیە ناچارین کرێکارمان کەمکردووەتەوە".


تێکچوونی پەیوەندیی سیاسی نێوان تورکیا و روسیا ساڵی رابوردوو وایکرد نرخی مانەوەی دوو کەس لە هۆتێلێکی سێ ئەستێرە ببێتە 30 دۆلار، بەڵام ئێستا کە تورکیا پڕبووەتەوە لە گەشتیاری روس کاریگەرییەکی دیکەیە بۆ گرانبوونی نرخەکان.


هێمن و چوار هاوڕێی كە لەڕێگەی گروپی گەشتیاریی-یەوە هاتوون بۆ ئەستەنبوڵ، بۆ دواڕۆژ دەڵێن:"ئێمە بەگروپ بە 550 دۆلار بۆ حەوت شەو و هەشت رۆژ هاتووین، پێش ئەوەی بێین بەڵێنی زۆر شتیان دابوو کە هوتێلمان پاکە و باشە، بەڵام وانەبوو بەڵکو هوتێلێکی زۆر پیس و خراپە".


هێمن دەڵێت:"ویستمان هۆتێلێکی دیکە بگرین و لە گروپەکە جیابووینەوە بەڵام جگە لەوەی زۆربەی هۆتێلەکان پڕن لەگەڵ ئەوەش نرخیان زۆر گرانە، ناچار شوققەیەکمان گرتووە بۆ پێنج شەو شەوی بە 25 هەزار دیناری عێراقی بەڵام پاکترە لە هوتێلەکە".


بەرهەم عەلی، کە جاری دووەمە دێتە ئەستەنبووڵ، بە دواڕۆژی وت:"جاری یەکەم ساڵی رابوردوو بوو هاتمە هۆتێل کایا مەدرید لە ئەکسەرای، شەوی بە 25 دۆلار کە ژەمی بەیانیانیشی هەبوو، ئەمساڵ ویستم بچمەوە هەمان هوتێل بەڵام رێک نرخەکەی سێ بەرامبەر زیادی کردبوو. بۆیە ئێستا لە هوتێل حەسەن بابام کە دوو ئەستێرەیە ئینجا شەوی بە 25  دۆلار دەخەوم بەبێ ژەمی بەیانیان".


دانا ئازاد، رێبەری گروپی گەشتیارییە لە هەولێرەوە بۆ ئەستەنبوڵ و ئەنتاڵیا بە  دواڕۆژی راگەیاند:"ئێمە کاتێک نرخی گروپی گەشتیاریی دیاری دەکەین لەسەر بنەمای تێچووی هۆتێل و ڤیزە و هاتووچۆیە، بۆیە حیسابی هەموو ئەوانە دەکەین تا قازانجێک بکەین، خۆ بەخۆڕایی خەڵک ناهێنین".


بە قسەی دانا"ئێستا کۆمپانیا زۆر بووە بۆیە کارەکە قازانجی کەمبووەتەوە و زەحمەت بووە، کێبڕکێی هەرزانترین نرخە بۆیە ناچارین بەدوای هەرزانترین هۆتێل بگەڕێین تا قازانج بکەین و گەشتیارمان زۆر بێت".


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کەلتور و گەشتیاریی تورکیا، ساڵی رابوردوو تەنیا لە کەرتی گەشتیاریی تورکیا 35 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، ئەمساڵ بەپێی زۆربوونی رێژەی گەشتیاران کە 11.3% زیاتر بووە، داهاتیش زیاتر دەبێت.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە