ئه‌مریكا سه‌رچاوه‌ى زۆرترین هه‌واڵى ناڕاست و میسڕییه‌كانیش زۆرترین هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه‌كانن

هەواڵ / جیهان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 89‌ جار بینراوە
توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ ده‌رباره‌ى ئینته‌رنێت

دواڕۆژ

له‌سه‌دا 86ى به‌كارهێنه‌رانى ئینته‌رنێت دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانى هه‌واڵى دروستكراوى ناڕاست و مۆڵگه‌ى بنه‌ڕه‌تى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانیارى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ریش فه‌یسبوك-ه‌.


زۆرینه‌ى هه‌واڵه‌ دروستكراوه‌كان، به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى مه‌یدانى نوێ، له‌سه‌ر یوتیوب و تویته‌ر و تۆڕه‌كانى تر بڵاوده‌بنه‌وه‌.

به‌پێى لێكۆلینه‌وه‌كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌رچاوه‌ى زۆرترین هه‌واڵى ناڕاسته‌، دانیشتوانى میسڕیش زۆرترینى ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن.

ئه‌و كه‌سانه‌ى رایان وه‌رگیراوه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت و كۆمپانیاكانى میدیا پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆى زیادبوونى له‌ده‌ستدانى متمانه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ كاریگه‌رییه‌ سلبییه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئابورى و وتارى سیاسى.

هه‌واڵه‌ دروستكراو و ناڕاسته‌ بڵاوكراوه‌كان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌ سه‌رچاوه‌ى دووه‌مى له‌ده‌ستدانى متمانه‌ داده‌نرێن له‌ ئینته‌رنێتدا پاش تاوانه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان و ئه‌نجامده‌رانیان.

فین ئه‌وسلیر هامبسون، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رنامه‌ى ئاسایش و سیاسه‌ت له‌ كۆمپانیاى ئه‌بسوس ده‌ڵێت: "راپۆرتى ئه‌مساڵ ده‌رباره‌ى ئاراسته‌كان له‌ جیهاندا ته‌نها فشه‌ڵى ئینته‌رنێت ده‌رناخات، به‌ڵكو زیادبوونى نائاسوده‌یى به‌كارهێنه‌رانیش به‌رامبه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌رده‌خات، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى به‌سه‌ر ژیانى رۆژانه‌یاندا هه‌یانه‌".

ئه‌بسوس كۆمپانیایه‌كى جیهانى تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌ى بازاڕه‌كان و باره‌گاكه‌ى سه‌ره‌كیه‌كه‌ى له‌ پاریس-ه‌.

49%ى به‌شداربووانى توێژینه‌وه‌كه‌، له‌وانه‌ى متمانه‌یان به‌ ئینته‌رنێت نیه‌، باس له‌ كاریگه‌رییه‌كانى له‌ده‌ستدانى متمانه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: وایلێكردوون زانیارییه‌ كه‌سییه‌كانیان له‌ ئینته‌رنێت ئاشكرانه‌كه‌ن، له‌كاتێكدا 40% و زیاترییان هه‌وڵ بۆ پاراستنى زیاتر ئامێره‌كانیان ده‌ده‌ن، 39%یشیان ده‌ڵێن به‌ وریاییه‌كى زۆره‌وه‌ ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنن.

دیارترین ئه‌نجامه‌كانى توێژینه‌وه‌كه‌ چین؟

ئه‌نجامى توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پێشه‌نگى وڵاتانى جیهاندایه‌ له‌ رووى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى ناڕاست، له‌دواى ئه‌ویش روسیا و چین دێن.

ده‌ریشیده‌خات كه‌ دانیشتوانى میسر له‌ زۆرترینى ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌و هه‌واڵانه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون.

ئه‌وانه‌ش كه‌ زۆرترین گومانیان له‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ هه‌بووه‌ دانیشتوانى پاكستان-ن.

رونیشده‌كاته‌وه‌ كه‌ ویستى به‌كارهێنانى ئینته‌رنێت له‌ بوارى كۆمه‌ڵایه‌تیدا روو له‌ كه‌مبونه‌وه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ك نیگه‌رانى ده‌رباره‌ى پاراستنى تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و به‌كارهێنانى زانیارییه‌ كه‌سییه‌كان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت روو له‌ زیادبوونه‌.

وه‌: شیروان شه‌ریف

 

 بڵاوكردنه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure