حكومەت رقی لە زێڕە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/06/2019‌ :: 2779‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ

 

ئەلف و بێی ئابوورییە كاتێك هەڕەشەیەك لەسەر ئارامیی كۆمەڵگە و باری ئابووری وڵات دروستببێت، یان تەنیا هەست بە مەترسییەكی لەو جۆرە بكرێت، حكومەت و خەڵكی ئەو وڵاتە دەست دەكەن بە كڕینی زێڕ، واتە دراوی نیشتمانی خۆیان دەگۆڕنەوە بە زێڕ كە لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا وەك كاڵایەكی گرانبەها مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

لەبەرئەوەیە دەبیستین و دەبینین وڵاتانی كەنداو بە حكومەت و میللەتەوە ماوەی چەند مانگێكە دەستیان داوەتە كڕینی زێڕ بەهۆی سڵكردنەوەیان لە ئایندەی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و تارمایی شەڕێكی چاوەڕوانكراو لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا.
ئەو تارماییە ئەگەر ببێت بە راستی عێراقیش دەگرێتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە كە رەنگە لە هەمووان زیاتر ئەو شەڕە نەخوازراوە كاریگەری لەسەر ئێمە هەبێت. لەبەر هۆكارە جوگرافی و سیاسی و بازرگانی و كۆمەڵایەتییەكان. 
پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە هەرێمی كوردستانیشدا جموجۆڵێكی سەرنجڕاكێش كەوتووەتە ناو بازاڕی زێڕەوە؟
شارەزایەكی ئەو بازاڕە لە شاری سلێمانی كە لەسەر خواستی خۆی بەم هێمایە ناوەكەی بڵاودەكەینەوە، (د. ر) دەڵێت: "(بەڵێ‌ ماوەیەكە هەست دەكەین كڕینی زێڕ زیادی كردووە بەتایبەت بازرگانەكان. بازرگانی وا هەیە 50 كیلۆ هەتا 100 كیلۆ زێڕی كڕیوە.)
- ئەو زێڕە چی لێ‌ دەكەن؟
+ زوربەیان دەینێرن بۆ بانكەكانی وڵاتانی دراوسێ‌ یان كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكەن.
كەواتە پارەدارەكانی كوردستانیش وەك پارەدارانی وڵاتانی دیكە لە یارییەكە دەزانن، بەڵام كێشەكە لەوەدایە بازاڕەكە بەو سەقامگیرییە نییە كە بیری لێ‌ دەكەینەوە.
(د. ر) پێی وتین لە ماوەی 24 كاتژمێری رابوردوودا كیلۆیەك زێڕ نزیكەی 12 گەڵا زەرەری كردووە. بازاڕەكە لە هەڵبەز و دابەزدایە و بەرپرسیارییەتەكەش لە ئەستۆی بۆرسەدایە.
- بۆرسەی كوردستان؟
+ (د. ر) بە پێكەنینەوە كوردستان لەكوێ‌ بۆرسەی هەیە بێقەزا بیت؟!
مەبەستم بۆرسەی نیویۆركە كە كۆنترۆڵی هەموو بازاڕی جیهانی كردووە و بەپێی بەرژەوەندی خۆی یاری بە نرخەكان دەكات.
- ئەم هەڵبەز و دابەزەی باست كرد لەكەیەكەوە هەیە؟
+ بە دیاریكراوی لەوەتەی ترامپ بووەتە سەرۆكی ئەمریكا.
- ئەی بە رای بەڕێزت چی بكرێت باشە؟
+ (د. ر): بەم حاڵەی ئێستاوە هیچمان پێ‌ ناكرێت نە سیستمێكی دارایی دامەزراومان هەیە نە خاوەنی بۆرسەی تایبەتی خۆمانین.
- دەگوترێت وەزعی بەغدا لە ئێمە باشتر نییە؟
+ (د. ر): بەغداش وەزعی خراپە، بەڵام لانی كەم ئەو یەدەگی زێڕی هەیە و دەتوانێت لەكاتی پێویستدا بڕێك لەو زێڕە بفرۆشێتەوە.
- ئەی حكومەتی هەرێمی خۆمان؟
+ پێدەچێت حكومەتی خۆمان هەر لەسەرەتاوە رقی لە زێڕ بووبێت، چونكە لەو كاتەشدا كە باری دارایی هەرێم باش بوو پێشنیارمان كرد وەكو هەموو حكومەتێكی دیكە لە رێگەی كەسان و كۆمپانیای شارەزاوە بە نرخی رۆژ زێڕ بكڕێت و لە بانكەكاندا دایبنێت.
- نەیكرد؟
+ (د. ر): نەخێر هەر وەڵامیشی نەداینەوە.
- كەواتە سیستم و میكانیزمێكی ئابووری و دارایی تۆكمە و دامەزراومان نییە؟
+ بەداخەوە نەخێر نیمانە. بە راشكاوی دەیڵێم ئابوورییەكەی كوردستان ئابوورییەكی بێ‌سەروبەرە و لەژێر رەحمەتی هۆكارە دەرەكییەكاندایە.
- بۆچی وایە ئایا پسپۆڕی ئابووری و دارایی باشمان نییە؟
+ هۆكارەكە ئەوە نییە، كوردستان بەگوێرەی خۆی پسپۆڕی زۆر باشی تێدایە لە بوارەكانی ئابووری و داراییدا، بەڵام كەسێك نییە گوێمان لێ‌ بگرێت.
  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure