له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئێران پاره‌ى بیمه‌ له‌ گه‌شتیارانى هه‌رێم وه‌رناگرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 9180‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حه‌سه‌ن
له‌ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌وه‌ (12 ى حوزه‌یرانى 2019) ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ك بیمه‌ له‌ گه‌شتیارانى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئێران وه‌رده‌گیرا، لابراوه‌.

 
به‌ختیار تۆفیق، خاوه‌نی نوسینگه‌ی سویسرا تڕاڤڵ له‌ پێنجوێن، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن كونسڵخانه‌ی ئێران له‌ سلێمانی ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا بڕی پێنج هه‌زار دیناری عێراقی كه‌ پێشتر وه‌رده‌گیرا وه‌ك بیمه‌ له‌مه‌ولا له‌گه‌شتیاران و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌هه‌رێمه‌وه‌ فیزایان پێده‌درا و ده‌چوونه‌ ئێران، وه‌رناگیرێت".

پاره‌ى ئه‌و بیمه‌یه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بوو كه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌هه‌رێمه‌وه‌ سه‌ردانی ئێرانی بكردایه‌ و به‌هۆی رووداوێكه‌وە گیانی له‌ده‌ستبدایه‌ ته‌نیا دوو ملیۆن دیناری عێراقی بۆ سه‌رفده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئه‌وه‌ نامێنێت.

خاوه‌نى نوسینگه‌كه‌ وتیشی:" پێشتر له‌سلێمانی پێنج هه‌زار دیناری بیمه‌ و دوو هه‌زار دیناری تریش بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی پێدانی فیزای ئێرانی له‌هاوڵاتیان و گه‌شتیارانی هه‌رێم وه‌رده‌گیرا و ئێمه‌ش له‌پێنجوێن سێ هه‌زار دینارى ترمان بۆ كرێی ته‌كسی وه‌رده‌گرت، به‌ڵام له‌مه‌ودوا وه‌رگرتنی پاره‌ی بیمه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌و بڕی پێنج هه‌زار دیناره‌ى له‌كاتی وه‌رگرتنی فیزای ئه‌لیكترۆنیش كه‌ پێشتر وه‌رده‌گیرا له‌خه‌ڵكی وه‌رناگرین و ته‌نها پێنج هه‌زار دیناری عێراقی فیزای ئه‌لیكترۆنی له‌گه‌شتیارانی هه‌رێم وه‌رده‌گرین".

 هاوكات مه‌ریوان كه‌ریم، لێپرسراوی هۆبه‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، بۆ دواڕۆژ، وتی"سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی هیچ به‌ئێمه‌ نه‌وتراوه‌ و هیچ نوسراوێكی فه‌رمیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ ئێمه‌ نه‌هاتووه‌ و ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ به‌ ئێمه‌ ناوترێت، به‌ڵكو زیاتر به‌نوسینگه‌كانی تایبه‌ت به‌كاروباری گه‌شتیاری ده‌وترێت، چونكه‌ كونسڵخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سلێمانی، زیاتر په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نووسینگه‌كاندا هه‌یه‌".

 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure