زبڵ و خاشاكى هه‌ولێر زیان به‌ خه‌ڵك و خاكى ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/06/2019‌ :: 361‌ جار بینراوە
پسپۆڕێك: گازی میسانی لێده‌رده‌چێت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

كۆكردنه‌وه‌ و فڕێدانى هه‌زاران تۆن زبڵ و خاشاكى هه‌ولێر له‌ ناوچه‌یه‌كى نزیك شوێنى نیشته‌جێبوون، جگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى بۆن و بێزاركردنى هاوڵاتیان، زیانى زۆریش به‌ خاك و ئاوى ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و به‌رپرسێكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت: "به‌ دامه‌زراندنى كارگه‌ی ریسایكلین، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".  


ماوه‌ى زیاتر له‌ 13 ساڵه‌ زبڵ و خاشاكى 18 شاره‌وانى هه‌ولێر و ناحیه‌ و قه‌زاكانى ده‌روبه‌رى شاره‌كه‌، كه‌ رۆژانه‌ به‌ دوو هه‌زار و 500 تۆن ده‌خه‌مڵێندرێت، له‌ زبڵخانه‌ى كانى قرژاڵه‌ فڕێده‌درێت.

زبڵخانه‌كه‌ به‌ دوورى 17 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاواى هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش هاوڵاتیانى نیشته‌جێى نزیكى نیگه‌ران كردووه‌ و داواده‌كه‌ن شوێنى فڕێدانى خاشاك له‌ ناوچه‌كه‌یان بگوازرێته‌وه‌.

كامه‌ران ره‌حمان، نیشته‌جێى كۆمه‌ڵگه‌ى كانى قرژاڵه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ داواى گواستنه‌وه‌ى ئه‌و زبڵخانه‌یه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ بۆنێكى زۆر به‌هۆى ئه‌و زبڵ و خاشاكه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام شاره‌وانى و پارێزگارى هه‌ولێر گوێمان لێناگرن".

وتیشى: "ئه‌گه‌ر تاوه‌كو مانگێكى دیكه‌، زبڵخانه‌كه‌ نه‌گوازنه‌وه‌ ئه‌وا هه‌ڵوێستی توندمان ده‌بێت و خۆپیشاندانى گه‌وره‌ رێكده‌خه‌ین".

جگه‌ له‌ بێزاركردنى هاوڵاتیان، فڕێدانى زبڵ و خاشاكه‌كه‌ زیانى بۆ خاك و ئاوى ژێر زه‌وى ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

دكتۆر ئه‌حمه‌د قادر، پسپۆڕى كیمیا له‌ زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌و زبڵه‌ زۆره‌ى هه‌ولێر، كه‌ له‌ یه‌ك شوێن كۆده‌كرێته‌وه‌ و ژێرخاك ده‌كرێت، دواى نزیكه‌ى پێنج مانگ شیده‌بێته‌وه‌ و بۆگه‌ن ده‌كات، دواتر گازی میسانی لێده‌رده‌چێت و به‌ كه‌لێن و درزه‌كانی خاكدا به‌رزده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئۆكسجین تێكه‌ڵ ده‌بێت و گڕده‌گرێت.

ئه‌و پسۆڕه‌ ده‌شڵێت: "نابێت ئه‌و زبڵ و خاشاكه‌ ته‌نیا له‌ شوێنێك كۆبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی ریسایكله‌وه‌ چاره‌سه‌رى زانستى بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌كرێت زیانى بۆ خاك و ئاوى ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌جۆرێك پاشماوه‌كان ژێرخاك ده‌كرێت ئه‌مه‌ش واده‌كات راسته‌وخۆ ئاو و لیقییه‌كه‌ی بچێته‌ ژێرخاك و تێكه‌ڵى ئاوى ژێر زه‌وى بێت و ژه‌هراوى بێت و خاكه‌كه‌ش به‌ كه‌ڵكى كشتوكاڵ نایه‌ت".

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، مانگانه‌ بڕی شەش ملیار و 945 ملیۆن و 820 هەزار دینار بۆ فرێدانی زبل و خاشاك ته‌رخانده‌كرێت كه‌ زۆرترین ئەو پارەیەش بۆ كۆكردنەوەی زبڵی پارێزگای هەولێره‌ كە بڕه‌كه‌ی دوو ملیار و 645 ملیۆن و 820 هەزار دینار.

له‌باره‌ى چاره‌سه‌ركردن و گواستنه‌وه‌ى شوێنى زبڵخانه‌كه‌، فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانی هەولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: گرێبەستێك به‌ به‌های 250 ملیۆن دۆلار واژۆكراوه‌ كه‌ ئامانج لێی دروستكردنی كارگەیه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ى شوێنى زبڵخانه‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دووباره‌ خاشاك و زبڵ ئه‌و شوێنه‌ ریسایكل بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك كێشه‌ى هونه‌رى دروستبووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ كاره‌كان هه‌ندێك دواكه‌وتوون.

وتیشى: "بۆ چاره‌سه‌ركردنى كاتى زبڵ و خاشاكى كانى قرژاڵه‌، ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێكه‌ كۆمه‌ڵێك بیرى تایبه‌ت لێدراوه‌ كه‌ له‌ ژێره‌وه‌ به‌ بۆری گازه‌كه‌یان كۆده‌كرێته‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌سووتێنرێت، به‌مه‌ش كێشه‌ى بۆن و كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر ژینگه‌ كه‌مبۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌رى كاتین".

فه‌رمان خه‌لیل روونیشیكرده‌وه‌: بە دروستبوونی ئەو كارگەیە واده‌كات زبڵخانەی كانی قرژاڵە بە یەكجاری دابخرێت و خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی هه‌ولێر به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بێت و هیچی نامێنێت، ده‌شڵێت: "له‌سەر ئاستی عێراق یەكەمجارە كارگەیه‌كی لەم جۆرە داده‌مه‌زرێت كه‌ خاشاكی ماڵان، كارگەكان، خاشاكی كێڵگەكان و پاشماوەی بیناكان ریسایكلین ده‌كات".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure