به‌ تۆمه‌تی كوشتنی دایكی ده‌ستگیركرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 7568‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

وته‌بێژی پۆلیسی سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت: کوڕی ئەو ئافرەتە دەستگیرکراوە کە دوێنێ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به‌ كوژراوی دۆزرایه‌وه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیشدا کوڕەکە دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ڕووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. 

سه‌عدون هاودیانی، وته‌بێژی پۆلیسی سۆران به‌دواڕۆژی وت: "دوای لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی وردی ئاسایش و پۆلیس، توانرا كوڕێكی ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌ستگیربكرێت كه‌ دوێنێ به‌ كوژراوی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا دۆزرایه‌وه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ ئه‌و كوڕه‌ی ده‌ستگیركراوه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌و دایكی خۆی كوشتوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتریش له‌ڕووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. 

وته‌بێژی پۆلیسی سۆران ڕونیشیكرده‌وه‌: كه‌ هۆكاری تاوانه‌كه‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدان و بوونی ده‌مه‌قاڵێ و لێكتێنه‌گه‌یشتن له‌گه‌ڵ دایكیدا. 

وتیشی: "ئه‌و كوڕه‌ی ده‌ستگیركراوه‌ ناوی (س.م)ەو ته‌مه‌نی 22 ساڵانه‌، به‌پێی مادده‌ی (406)ی سزادان به‌ندكراوه‌".

داڕشتنەوە: چ.ع

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure