كوردانه‌.. چوارده‌یه‌مین كتێبى هونه‌رمه‌ند زۆزك قه‌ره‌داغى-یه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 12/06/2019‌ :: 249‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

نوێترین به‌رهه‌مى موزیكیى هونه‌رمه‌ند زۆزك قه‌ره‌داغى كه‌ به‌ شێوه‌ى كتێب (سكۆر) و سیدى ده‌نگیى و به‌ ناوى (كوردانه‌) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، پێكهاتووه‌ له‌ نۆ پارچه‌ موزیكى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى كوردستان.


ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى هاوچه‌رخ و ئه‌كادیمى بۆ گروپى مۆزیكى چوارینه‌ و سیانى ژێدار(ڤایۆلین، ڤیۆلا، چێلۆ) داڕێژراوه‌، هه‌ندێك له‌ مۆزیكه‌كانیش تایبه‌تن به‌ هونه‌رمه‌ند خۆى و به‌ ریتم و هه‌واى فۆلكلۆر ئاوازى بۆ داناون.

ده‌رباره‌ى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ى، هونه‌رمه‌ند زۆزك قه‌ره‌داغى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند:"سه‌رجه‌مى پارچه‌ موزیكه‌كان ده‌توانرێت به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ كۆنسێرتدا پێشكه‌ش بكرێت و ده‌شكرێت یه‌ك یه‌ك هونه‌رمه‌ندى دیكه‌ لێى هه‌ڵبژێرن و پێشكه‌شى بكه‌نه‌وه‌، ده‌كرێت ئه‌م پارچانه‌ به‌ ئامێرى دیكه‌ش لێبدرێنه‌وه‌، ئاواز و هارمۆنیزه‌ و داڕشتنى به‌رهه‌مه‌كان به‌ جۆرێكن كه‌ خزمه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت به‌ چینه‌ جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئه‌كادیمى و ئاره‌زوومه‌ند یان فێرخواز و مامۆستا و هونه‌رمه‌ندیش".

زۆزك قه‌ره‌داغى وتیشى:"ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركى به‌ڕێز پارێزگارى سلیمانى (دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر) به‌چاپ گه‌یه‌نراوه‌ و هونه‌رمه‌ند (وه‌لید ئه‌حمه‌د عاسى) پیاچوونه‌وه‌ و نه‌خشه‌سازى و تۆمارى ده‌نگیى بۆ كردووه‌".

كوردانه‌، چوارده‌یه‌مین كتێبى زۆزك قه‌ره‌داغى-یه‌، یه‌كه‌م كتێبى ساڵى 2004 به‌ ناوى (په‌روانه‌) به‌چاپ گه‌یاندووه‌ كه‌ 30 پارچه‌ موزیكه‌ بۆ راهێنان. ساڵى رابوردوویش كتێبى (26 ئیتۆدى ڤایۆلینى) له‌ ئینستیتیوتى كورد له‌ سلیمانى به‌چاپ گه‌یشتوه‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌یش یه‌كه‌م كتێبى ئه‌مساڵیه‌تى.

زۆزك قه‌ره‌داغى یه‌كێكه‌ له‌ میوسیانه‌كانى كورد كه‌ وێڕاى به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانى، ئاماده‌ییه‌كى به‌رده‌وامى له‌ بوارى ئاواز و گۆرانى و سروود و میوزیك و فێستیڤاڵ و ئاهه‌نگه‌ هونه‌رییه‌كاندا هه‌یه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure