لەعێراق ئەم رۆژە دەکرێتە بۆنەی نيشتمانیى

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 857‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارێكى عێراق، (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ى حوزه‌يرانى 2019) ئاشكراى كرد: سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندى داوه‌، له‌سه‌ر پێشنيارى ئه‌وه‌ى رۆژى فه‌توانى جيهادى له‌ دژى داعش بخرێته‌ كارنامه‌ى دانيشتنى په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته‌ رۆژێكى نيشتمانیى.


يوسف كلابى، په‌رله‌مانتارى ليژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌دواڕۆژى وت: "سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داوايه‌ك داوه‌ كه‌ زياتر له‌ 70 په‌رله‌مانتار واژۆيان له‌سه‌رى كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى (رۆژى 13ى حوزه‌يران)ى هه‌موو ساڵێك بكرێته‌ بۆنه‌يه‌كى نيشتمانیى".

روونيشيكرده‌وه‌: له‌و رۆژه‌دا عه‌لى سيستانى، مەرجەعی باڵای شیعە فه‌تواى جيهادى دژى داعش ده‌ركرد، داواى له‌ عێراقييه‌كان كرد بۆ به‌رگريكردن له‌ عێراق و پيرۆزييه‌كانى و خه‌ڵكه‌كه‌ى چه‌ك هه‌ڵگرن.

وتيشى: "سه‌رۆكايه‌تى پەرلەمان ره‌زامه‌ندى داوه‌ ئه‌و پێشنياره‌ بخرێته‌ خشته‌ى دانشتنى سبه‌ينێ رۆژى پێنجشه‌ممه‌، دواى ده‌رچوونى بڕياره‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رۆژه‌ بكاته‌ بۆنه‌يه‌كى نيشتمانیى له‌ عێراق".

داڕشتنەوە: چ. ع

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure