دواڕۆژ یەکێک لە کتێبەکانى فۆکۆیاما بڵاودەکاتەوە

کتێبی دوارۆژ / :: 30/03/2016‌

دواڕۆژ
دەزگای دواڕۆژ بۆ روناکبیری و راگەیاندن، یەکێک لە نوێترین کتێبەکانی فرانسیس فۆکۆیامای بیرمەندی ئەمریکی وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی.

"رەگوڕیشەی سیستمی سیاسی .. لە سەردەمە پێش مرۆییەکانەوە تا شۆڕشی فەڕەنسا" ناونیشانی کتێبەکەی فۆکۆیاما-یە، کە رۆژى یەکشەممە 24ی کانونی دووەمی 2016 لە دوو توێی 720 لاپەڕەدا بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە.

ئاوات ئەحمەد سوڵتان کتێبەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کە چوارەمین کتێبی وەرگێڕدراوی دەزگای دواڕۆژ-ە.

فۆکۆیاما لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا باسی پێش دامەزراندنی دەوڵەت و کۆمەڵگا خێڵەکییەکان دەکات. لە بەشی دووەمیشدا بە چەند باسێک لە (بنیاتنانی دەوڵەت) ورد دەبێتەوە.

لە هەردوو بەشی سێیەم و چوارەمدا باس لە (سەروەریی یاسا) و (حکومەتی بەرپرسیار) دەکات و لە بەشی پێنجەمیشدا کە دوایین بەشی کتێبەکەیە، فۆکۆیاما دەیەوێت تیۆرێک بۆ گەشەکردنی سیاسی بدۆزێتەوە.

فرانسیس فۆکۆیاما بیرمەندی ئەمریکی لە ساڵی 1952 لە شیکاگۆ لەدایکبووە، لە بوارەکانی زانستی سیاسی و ئابووریی سیاسی دا دەنوسێت و بە کتێبی "کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ" لە ساڵی 1992 دا ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure