كتێبێكى ناوازه‌ى ده‌زگاى دواڕۆژ ده‌رباره‌ى شوێنه‌وارى شانه‌ده‌ر بڵاوكرایه‌وه‌

کتێبی دوارۆژ / :: 31/07/2018‌

دواڕۆژ
دوا كتێبى چاپكراوى ده‌زگاى دواڕۆژ بۆ روناكبیى و راگه‌یاندن، كه‌ زنجیره‌ى 26ى كتێبه‌ چاپكراوه‌كانى ده‌زگاكه‌یه‌، كتێبێكه‌ به‌ زمانى عه‌ره‌بى و به‌ ناونیشانى (شانيدر...شعب الزهور الأول) چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ئێستا له‌ كتێبخانه‌كانى كوردستاندایه‌.


ئه‌م كتێبه‌، له‌ نووسینى راڵف سولكى-یه‌ و هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌بدوڵـڵا شاڵى و عوسمان ره‌زا، له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ گۆڕیویانه‌ بۆ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و دكتۆر فوئاد حه‌مه‌خورشید پێداچوونه‌وه‌ى بۆ كردووه‌ و فاروق مسته‌فا ره‌سوڵ خاوه‌نى ده‌زگاى دواڕۆژ، پێشه‌كیه‌كى كورتى بۆ نووسیوه‌ كه‌ زیاتر باسكردنه‌ له‌ كه‌سێتیى وه‌رگێڕه‌كانى كتێبه‌كه‌.

شانیدر... شعب الزهور الأول، له‌ دووتوێى 246 لاپه‌ڕه‌ى قه‌باره‌ مامناوه‌نددا و به‌ چاپێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ چه‌ندین نه‌خشه‌ى جوگرافى و وێنه‌ى مێژوویى رازێنراوه‌ته‌وه‌ و ژماره‌ى سپاردنى بۆ وه‌رگیراوه‌.

بابه‌تى كتێبه‌كه‌ (ئه‌ركیۆلۆجى)یه‌ و گه‌شتێكى ورده‌ به‌ مێژووى ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر-دا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانى جیهان و ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى زێبار-ى پارێزگاى هه‌ولێر-ه‌وه‌. 

راڵف سولكى نووسه‌رى كتێبه‌كه‌، له‌ پێشه‌كیى كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێت "ئه‌م كتێبه‌ باس له‌ سه‌ربوورده‌ى دۆزینه‌وه‌ى چه‌ند ئێسكه‌ په‌یكه‌رێكى مرۆڤى پێش مێژوو ده‌كات كه‌ به‌ نیاندرتال ناسراوه‌ و پێش 35000-45000 ساڵ له‌ ناوچه‌ سه‌خت و دابڕاوه‌كانى چیاكانى كوردستانى عێراقدا له‌ناوچوون".

نووسه‌رى ئه‌م كتێبه‌، له‌دایكبووى ساڵى 1917یه‌ و دكتۆراى له‌ زانكۆى كۆڵۆمبیا وه‌رگرتووه‌ و مامۆستاى مرۆناسى (Anthropology) یه‌ و بۆخۆى سه‌ردانى كوردستانى كردووه‌ بۆ كنه‌ و پشكنینه‌ زانستى و ئاسه‌وارناسیه‌كانى له‌ ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر له‌ باشورى كوردستان. 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure