سێ‌ كتێبی دیكەی ناوازە لە دواڕۆژ-ەوە بۆ خوێنەران

کتێبی دوارۆژ / :: 15/11/2017‌

دواڕۆژ
دەزگای دواڕۆژ بۆ روناكبیری و راگەیاندن، بەشێكی دیكەی لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بریتانیای لە زمانی ئینگلیزیەوە كردووە بە كوردی، كە تایبەتن بە دۆزی كورد لە نێوان ساڵانی 1918 تا 1924.


كتێبەكان، كە بریتین لە سێ‌ بەرگ و بەسەریەكەوە لە هەزار و 670 لاپەڕە تێپەڕیوە، زنجیرە 21ی كتێبەكانی دەزگای دواڕۆژی دراوەتێ‌ و هەرسێكیان چاپی ئەمساڵی 2017-ن.

بەرگی یەكەمی كتێبی (كورد لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بریتانیادا) تایبەتە بە بەڵگە نهێنییەكانی هەردوو ساڵی 1918 و 1919ی بریتانیا. ئەم بەرگە لەلایەن بروسكە عەبدول-ەوە كراوە بەكوردی.

بەرگی دووەمیش كە بەڵگەكانی هەردوو ساڵی 1919 و 1920 ی لەخۆگرتووە، لەلایەن بروسكە عەبدول و پاسار شێركۆ-وە كراوە بەكوردی.

بەرگی سێیەمی كتێبەكەیش، بەڵگەنامەكانی ساڵانی 1921 تا 1924 ی تێدایە و لەلایەن پاسار شێركۆ و دیار ئەكرەم-ەوە كراوە بەكوردی.

هەرسێ‌ بەگەكەش ژمارەی جیای سپاردنی لە بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانە گشتییەكانەوە وەرگرتووە.  

ئەم كتێبانە بەشێكن لەو زنجیرە كتێبەی كە دەزگای دواڕۆژ بۆ روناكبیری و راگەیاندن دەستیداوەتێ‌ و بەرنامەی ئەوەی هەیە راستەوخۆ لە زمانی (دایك) ئینگلیزیەوە وەریانبگێڕێتە سەر زمانی كوردی بۆ ئەوەی خوێنەری كورد، لەڕێی بەڵگەنامە فەرمی-نهێنیەكانی پارێزراوی بریتانیاوە، بەرچاوڕوونییەكی هەبێت لەسەر ئەو ماوە مێژووییەی پرسی كورد، هەروەك بشكرێنە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی بەڵگەیی لەسەر هەر توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەكی زانستیانە كە دەربارەی ئەو ماوەیەیەی قۆناغی ژیانی سیاسیی گەلی كورد، لەلایەن ئەكادیمی و پسپۆرانی بوارەكەوە ئەنجامبدرێن. 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure