بەڵگە نهێنییەكانی شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی

کتێبی دوارۆژ / :: 04/09/2016‌

دواڕۆژ
زنجیرە (10)ی كتێبە بڵاوكراوەكانی دەزگای دواڕۆژ بۆ رووناكبیری و راگەیاندن، بریتییە لە دەقی وەرگێڕدراوی چەندین بەڵگەنامەی نهێنیی بریتانیا دەربارەی رووداوێكی گەورەی مێژوویی باشوری كوردستان كە لە شاری سلێمانی و لە رۆژی شەشی مانگی ئەیلولی ساڵی 1930 روویداوە و بە ناونیشانی شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی (شەشی ئەیلولی 1930) لە مێژووی گەلی كورددا تۆماركراوە.


سەرچاوەی ئەم بەڵگەنامانە، زنجیرە كتێبی دۆكیۆمێنتاریی (RECORDS OF KURDS - TERRITORY, REVOLT AND NATIONALISM 1831-1979) ی زانكۆی كامبریجە كە خاتوو ئانیتا بێردەت لە دووتوێی 13 بەرگدا كۆیكردوونەتەوە و تەواوی بەڵگەنامە نهێنییەكانی دامودەزگاكانی بریتانیای سەبارەت بە كورد لەخۆگرتووە، هەر لە ساڵی (1831)ەوە هەتا ساڵی 1979. 

دەزگای دواڕۆژ بۆ رووناكبیری و راگەیاندن، كە بە پەرۆشەوە كەوتە سۆراغی ئەم كتێبانە و چەند هەفتەیەك پاش بڵاوبوونەوەیان بەدەستیهێنان، بڕیاریداوە بەپێی بایەخی مێژوویی قۆناغەكان، ئەو بەڵگەنامانە لە چەند كتێبێكی سەربەخۆدا چاپ و بڵاوبكاتەوە، بەو هیوایەی لایەنە تاریكەكانی مێژووی كورد و هەڵوێستی گەورەوڵاتان سەبارەت بە دۆزە رەواكەی روون ببێتەوە.

شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی (شەشی ئەیلوولی 1930) لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بریتانیادا، چەند راستییەك دەردەخەن، گرنگترینیان بریتین لە كۆڵنەدان و پشوودرێژیی كورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافە رەواكانیدا، هەروەها رۆڵی دەستەبژێرێكی رۆشنبیر و خاوەن دەسەڵاتی كۆمەڵایەتیی سلێمانی لە خەمڵاندنی خەباتی شارستانیدا و چەندین راستیی دیكەیش.

ئەم بەرهەمەی دەزگای دواڕۆژ، لە دوو توێی كتێبێكی (336) لاپەڕەییدا و بە ناونیشانی (شەڕی بەردەركی سەرا لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بریتانیادا)، لەلایەن بروسك عەبدول-ەوە لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و ئێستا لە كتێبخانەكانی هەرێمی كوردستاندایە.







  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure