دواڕۆژ به‌نگكێشه‌كانت پێده‌ناسێنێت

کتێبی دوارۆژ / :: 31/03/2016‌

دواڕۆژ
كتێبێكى دیكه‌ى بوارى مێژوویى، له‌لایه‌ن ده‌زگاى دواڕۆژ بۆ ڕوناكبیرى و ڕاگه‌یاندن، چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌ و ئێستا له‌ به‌رده‌ست و دیده‌ى خوێنه‌راندایه‌.
كتێبى ئه‌مجاره‌ى ده‌زگاى دواڕۆژ به‌ ناونیشانى (به‌نگكێشه‌كان)ه‌ (حشاشین Assassin) له‌ نووسینى بێرنارد لویس و له‌لایه‌ن دكتۆر شێركۆ عه‌بدوڵـڵاوه‌ كراوه‌ به‌ كوردى.
به‌نگكێشه‌كان، دیارده‌یه‌كى مێژوویى ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا سه‌ریهه‌ڵدا و ده‌كرێت وه‌ك سه‌ره‌تا و ره‌گ و ریشه‌ى مێژووى تیرۆر له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت، بۆیه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كتێبه‌ دانسقانه‌ى كه‌ پێویست ده‌كات هه‌موو كه‌سێك بیخوێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و توێژه‌ر و لێكۆڵیارانه‌ى عه‌وداڵى مێژووى دێرینن و به‌ دیاریكراویش ئه‌وانه‌یان كه‌ به‌دواى ره‌گ و ریشه‌كانى تیرۆر و توندوتیژیى مه‌زهه‌بیدا وێڵن، چونكه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌ زۆر ورد و چڕه‌كانى ئه‌و بواره‌.
ئه‌م كتێبه‌ باس له‌ گروپى ئیسماعیلییه‌كان ده‌كات كه‌ باڵێكبوون له‌ باڵه‌كانى مه‌زهه‌بى شیعه‌ و له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا شێوازێكى ئێجگار توندوتیژییان به‌رامبه‌ر مه‌زهه‌ب و ئایینه‌كانى دیكه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرد كه‌ له‌پێش خۆیاندا به‌و شێوه‌ دڕنده‌یى و فراوانییه‌ نموونه‌ى نه‌بووه‌.
به‌نگكێشه‌كان هێنده‌ گێژ و وڕبوون تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ وشه‌ى غافڵكوژى له‌وانه‌وه‌ داهاتووه‌ و چووه‌ته‌ قاموسى زمانه‌وه‌. ئه‌مانه‌ خۆكوژیى ترسناك و كوشت و بڕێكى زۆری مه‌ترسیداریان كردووه‌ و تا ئاستى ملكه‌چى گوێڕایه‌ڵى فه‌رمانه‌ سته‌مكاریه‌كانى (پیر)ه‌كه‌یان بوون له‌ خۆكوژى و مرۆڤكوژیشدا. "به‌نگكێش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ بۆ پاره‌ خه‌ڵك ده‌كوژێت"، و له‌وكاته‌شه‌وه‌ (Assassin) بووه‌ته‌ وشه‌یه‌كی باو له‌ زمانه‌ ئه‌وروپیه‌كاندا واته‌ پیاوكوژ. به‌ دیاری كراوتریش ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌ غه‌در و دزییه‌وه‌ مرۆڤ غافڵكوژ ده‌كات و پاڵنه‌ره‌كه‌ش رق و ده‌مارگیرییه‌ و قوربانییه‌كه‌ش كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوه‌.
شوێن و پێگه‌ى سه‌ره‌كیى ئه‌م گروپه‌ قه‌ڵاى ئه‌ڵه‌مۆت بووه‌ له‌ وڵاتى فارس، هه‌روه‌ها مه‌ڵبه‌ندێكى گه‌وره‌شیان له‌ شام هه‌بووه‌ و له‌وێوه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك خوێنڕێژى و توندوتیژییان له‌ ناوچه‌گه‌لێكى به‌رفراواندا ئه‌نجامداوه‌.
به‌نگكێشه‌كان له‌ 6 به‌شى چڕ پێكهاتووه‌: دۆزینه‌وه‌ی به‌نگكێشه‌كان، ئیسماعیلییه‌كان، بانگه‌وازه‌ نوێیه‌كه‌، بانگه‌واز له‌ وڵاتی فارسدا، پیرى چیا، ئامراز و ئامانجه‌كان. هه‌روه‌ها له‌دواى ئاڵوگۆڕ و دۆلار و ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ره‌گوڕیشه‌ى سیستمى سیاسى و ئه‌قڵ له‌ مێژوودا، به‌نگكێشه‌كان شه‌شه‌مین به‌رهه‌مه‌ كه‌ ده‌زگاى دواڕۆژ بۆ ڕوناكبیرى و ڕاگه‌یاندن ده‌یخاته‌ كتێبخانه‌ى كوردییه‌وه‌.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure