وێنه‌ زه‌رده‌خه‌ناویيه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ڵدرم

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

چه‌ند مانگێك بوو هیچ رۆژێك نه‌بوو كه‌ تێیدا هاووڵاتیى عێراقى هه‌واڵێكى به‌په‌له‌ نه‌بیستێت و تێدا خاوه‌ن هه‌واڵه‌كه‌ نه‌ڵێت ئێمه‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێر مۆڵه‌تمان داوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌ عێراق بكشێننه‌وه‌. ئیتر له‌گه‌ڵ هۆشدارییه‌كانى ئه‌لجه‌عفه‌ریدا ژیانمان گوزه‌راند كه‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌یان تێدا بوو، سه‌ره‌تا به‌ سه‌عات و دواییش گه‌یشته‌ چه‌ند مانگێك. له‌ناكاو سه‌رمان له‌وه‌ سوڕما كه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌مان چووه‌ته‌ له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى چێژ له‌ مۆڵه‌تى ساڵانه‌ى خۆى وه‌ربگرێت. مامۆستا ئیبراهیم ئه‌لئشێقر بمبووره‌، من تا ئێستایش وه‌ك عێراقییه‌ك هه‌ست به‌ سه‌رسامى ده‌كه‌م چونكه‌ هیچ وڵاتێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆى زه‌وییه‌دا نییه‌ كه‌ وه‌ك عێراق به‌ بۆمبڕێژكراوه‌كان بكوژرێت كه‌چى وه‌زیره‌كه‌ى ده‌ره‌وه‌ى له‌به‌ر هۆكارى (ته‌رفیهى) دیارنه‌بێت.

ئه‌ى به‌ڕێزان پیرۆز بێت و ئومێده‌واریشین كه‌ ئه‌و وێنانه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز بن عه‌لى یه‌ڵدرم-دا چركانتان (ده‌ركه‌ون)، به‌ڵام ئه‌ى چى ده‌رباره‌ى وێنه‌ى راگوێزراو و ئاواره‌كان؟ ئه‌ى چاره‌نووسى ئه‌و خێوه‌تگانه‌ى كه‌ وڵاتى دوو رووباریان پڕكردووه‌ته‌وه‌؟ وه‌ڵامه‌كان له‌ لێدوانێكى شوان داودى-ى پارله‌مانتاردا ده‌دۆزینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت نوێنه‌رانى پارێزگا گه‌رمه‌كان پێیان نه‌ناوه‌ته‌ ناو كامپى ئاواره‌كانیانه‌وه‌!.

 سیاسه‌تمه‌داره‌ به‌ڕێزه‌كانمان نایانه‌وێت خه‌ڵك له‌ ساته‌ لاوازه‌كاندا بیانبینن.. چۆن ده‌بێت سیاسه‌تمه‌دارێك كه‌ به‌ چوارسه‌د ده‌نگ  هه‌ڵبژێردرابێت، بچێت له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك دانیشێت و منداڵانى ئاواره‌ ده‌ورى بده‌ن؟ یان چۆن خاوه‌ن ئۆتۆمبێلى گولـله‌نه‌بڕ بۆى ده‌گونجێت بچێت بۆ لاى خه‌ڵى موسڵ  یان ئه‌نبار؟. ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى پێده‌كرێت كه‌ناڵه‌ فه‌زاییه‌كان و رۆژنامه‌كان پڕكات له‌ وته‌ و وتار و شه‌ڕى گه‌رم ده‌رباره‌ى شایسته‌یى هه‌ڵبژاردن و چه‌وساندنه‌وه‌.

چه‌ند رۆژێكه‌ سه‌ربڕینى نه‌قیبێكى پێشووى سوپا به‌ ناوى عومه‌ر تارق مه‌حمود له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانى داعشه‌وه‌، لاپه‌ڕه‌كانى فه‌یسبووك و تویته‌رى داگیركردووه‌، كه‌چى له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسه‌ سیاسى و ئه‌منیه‌كانمان بێده‌نگه‌یان لێكردووه‌ و گوێى پێناده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌ به‌یاننامه‌یه‌كى بچوكى دێڕێك یان دوودێڕییش سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و تاوانه‌ ناكه‌ن و ره‌حمه‌تێك بۆ ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئازایه‌ى موسڵ نانێرن كه‌ به‌ لێدانه‌ كورچكبڕه‌كانى تاڵاوى به‌ داعش چه‌شتووه‌. پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كه‌وتینه‌ ناو شه‌پۆلێك بروسكه‌ى پشتگیریى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ چونكه‌ تووشى كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى بووبوو، به‌رپرسێكى گه‌وره‌ به‌یاننامه‌ى بۆ ده‌رده‌كات و یه‌كێكى تریان ده‌چێته‌ كه‌ناڵه‌ فه‌زاییه‌كان و پێناخۆشیى زۆرى خۆى ده‌رده‌بڕێت، ئه‌ى چى ده‌رباره‌ى ئه‌و هاووڵاتییه‌ عێراقییه‌ى كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى دڕندانه‌یى كوژرا؟ هه‌ندێك هه‌واڵى خه‌جاڵه‌تبارى و له‌رزۆكانه‌، چونكه‌ ئێمه‌ تاقه‌ گه‌لێكین كه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌ شتێكى زیاترمان له‌ تۆمارى مه‌رگ و ده‌ربه‌ده‌ركراواندا نییه‌!. 

به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ راهاتووین له‌سه‌ر دیمه‌نى سه‌ربڕینى هاووڵاتییه‌كانمان و هه‌ڵواسینیان و زۆر گرنگ نییه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ شتێكى ئاساییه‌ و هه‌موو رۆژێك رووده‌دات و پێویسى به‌ به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاكان و كۆنگره‌یه‌كى پارله‌مانیى نییه‌ و پرسه‌یه‌كى فاتیحاى هێنده‌ى قه‌باره‌ى قوربانییه‌كه‌ى ناوێت.

نه‌ هه‌واڵێك له‌ لاپه‌ڕه‌ى یه‌ك-دا و نه‌ بروسكه‌یه‌كى پرسه‌نامه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سۆمال-یشه‌وه‌، گوێمان له‌ وته‌یه‌كى سه‌ره‌خۆشى نه‌بوو له‌ مامه‌ تره‌مپ یاخود له‌ هاوڕێ پوتین-ه‌وه‌، ئێمه‌ گه‌لێكین حه‌زمان له‌ بروسكه‌ى سه‌ره‌خۆشى و پرسه‌نامه‌ نییه‌. ببینن رۆژنامه‌ جیهانى و عه‌ره‌بییه‌كان گوێ به‌ ژماره‌ى كوژراوه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ ناده‌ن، چونكه‌ ئه‌وان سه‌رقاڵن به‌ سه‌رله‌نوێ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌لجه‌عفه‌رى-یه‌وه‌. ئه‌وه‌بوو هه‌واڵه‌كان پێیانگوتین كه‌ وه‌زیره‌كه‌ى ده‌ره‌وه‌مان مۆڵه‌ته‌كه‌ى خۆیى بڕیوه‌ و به‌ په‌له‌ چووه‌ بۆ ئێران بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ره‌خۆشییان لێ بكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure