چ دنیایەكی جوانە!

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: محەمەد رەزا
سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


كاتێك پێش چەند ساڵێكی كەم لە مردنی لە ساڵی 1971 دا، لۆی ئەرمسترۆنگ گۆرانیی (ئای چ دونیایەكی جوانە-What a Wondderful World) ی وت، جوانیی ژیانی لای مرۆڤ بیرهێنایەوە وەك چۆن لە سروشتیشدا هەیە. وتی:" دەبینم هاوڕێیان تەوقەدەكەن و دەڵێن: ئەحواڵت چۆنە؟ بەڵام خۆی لەراستیدا دەڵێن: خۆشمدەوێیت". 
هەروەها دەڵێت:"رەنگەكانی پەلكەزێڕینە بە ئاسمانەوە جوانن هەروەها بەسەر رووی خەڵكیشەوە كە تێدەپەڕێت". گۆرانیەكە ئاوا دەستپێدەكات:"درەختێكی سەوز دەبینم هەروەها گوڵە سوورەكانیش. دەیانبینم بۆ من و بۆ تۆیش دەگەشێنەوە...و بیر لەخۆم دەكەمەوە، ئای چ جیهانێكی جوانە".
ئەمە بۆ ئەمڕۆ راستە چونكە ئێمەی ئادەمیزاد بەتەنیا نیین لەسەر ئەم زەوییە. ئاوی لێیە هەروەها درەخت و هەوا و ئاژەڵ و مێروو و چیا و بیابان و هەموو ئەوانەی دی كە لەسەریین. هەربۆیە بەلایەنی كەمەوە نیوەمان هاوڕای تێبینیەكانی لۆی ئەرمسترۆنگ-ە و هاوتەریبی سۆزەكانی ئەو و جوانیی وشەكانیەتی كە بانگمان دەكەن بۆ خۆشەویستی و قوربانیدان و رێزگرتنی جوانیی ئەو شتانەی كە لە دەورووبەرمانن.
زۆرن ئەو كارەساتانەی كە رۆژانە بە تەنیا یاخود بە كۆمەڵ دەیانزانین و دەیانبینین و لەگەڵیاندا دەژیین. گەندەڵیەكی زۆر لەم جیهانەدا هەیە هەروەها تاوانی زۆر و لاوازیی زۆر زۆر كە دەچنە دەروونەكانەوە و تێیدا دەمێننەوە. ئەوەیش وا دەكات ئەم مەسەلانە ئامادەییەكی زۆریان هەبێت ئەوەیە كە بەردەوام دەخرێنە هەواڵەكانەوە. كەناڵە تەلەفزیۆنەكانمان  وا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن وەك ئەوەی تەنیا هەر بۆ ئەوانە بن. هەواڵی باش ناخرێتە گەشتی هەواڵەوە مەگەر وەك ئەوەی كە لەسەری راهاتوون بیخەنە كۆتایی گەشتەكەوە، ئەوكاتەی دەرهێنەر بە بێژەر دەڵێت تەنیا نیو خولەك كاتت ماوە. ئەم دیمەنەیش بەخراپترین جۆرەكانی پڕدەكرێتەوە. هەمووی هەر هەواڵە رەشە ناخۆشەكان و بەرنامە سووك و بێ‌ پێزەكانە. 
ئەمە چۆن بژاردەیەكە! هاوتەریب لەگەڵ خۆشەویستی لویس ئەرمسترۆنگ بۆ سروشت و بە دوور لە تەماشاكردنی دیمەنەكانی رووخان و نائومێدیی دونیا و بنیادەم، وەك خۆم لە درەختە بەرز و بڵندەكان دەڕوانم. دەیانبینم كە بە جۆرە جیاوازەكانیانەوە بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە. پەلوپۆ و لق و چڵەكانیان دەكشێن و گەورە دەبن. گەڵاوگوڵی سەوز دێنە بوون و دواتر دەوەرن و جێگە بۆ لەدایكبوونێكی نوێ‌ دەكەنەوە، یاخود هەروا بە سەوزی دەمێننەوە ئەمەیش بەگوێرەی جۆری دار و درەختەكان. ئاوا تاقە درەختێك ئەو هەموو پەلوپۆ و چڵ و لق و گوڵ و گەڵایە پێكەوە بە خۆشی و بە ئاشتی دەژێنێت. 
ئەی بۆچی مرۆڤەكانیش وانین؟ سپی و رەش و زەرد و ئەسمەر.. لە بنەڕەتەوە كێ‌ ئەم رەنگانەی داوەتە مۆڤەكان جگە لە سروشت: نە سپی بەڕاستی سپییە و نەڕەش بەڕاستی رەشە و نە ژاپۆنییەكان و چینییەكان پێستیان زەردە و ئەسمەرییش پلەبەپلەیە.
جارێكیان تەماشای كۆترێكم دەكرد لە كەنار دەریاچەیەك دەنیشتەوە، دەریاچەیەكی نێوان شاری لۆكارنۆی سویسرا و شاخەكانی پشتیەوە، ئەو وردە نانەی دەخوارد كە بۆمهەڵدابوو. كەچی سەرنجمدا وازی لە پارچەیەكی تری نانەكە هێنا و رۆیشت. دوایی مێروولەیەك هات و نانەكەی برد. كۆترە برسییەكە مێروولەكەی نەخوارد یاخود نەهات بیكوژێت بۆ ئەوەی پارچە نانەكەی تریش بۆ خۆی بێت. وازیلێهێنا و رۆیشت.
ئەگەر تەماشای ئەم جیهانە بكەین و بیپشكنین ناگەینە ئەوپەڕی. لەشی مرۆڤ بۆخۆی یەكەیەكی ئاڵۆزی میكانیكیە و هەموو ساتێك موعجیزەی خوڵقێنەرەكەی دەردەخات. تۆ تەماشای نموونەیەكی سادە و ساكار بكە: هێكەی مریشك بە پێداكێشانێكی ئاسایی دەشكێت...كەچی بیخە ئاوەوە و بیكوڵێنە تەماشادەكەیت بەشێوەیەكی سروشتی گەرمیەكە وەردەگرێت. تۆیش ناتوانیت دەست ببخەیتە ئاوە لەكوڵەكەوە تەنانەت بە سەری پەنجەكانیشت، كەچی توێكڵە هێلكەكە خۆی بۆدەگرێت. ئەی ئەمە مایەی سەرسوڕمان نییە؟. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure