ئەگەر دروست ببێ‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

+ شتێكی سەیرت عەرز بكەم بەگم؟ دوێنێ‌ ئێوارە كارەبامان نەبوو، تەلەفونم كرد بۆ صیانە وتم ئێمە كارەبامان نی یە كەچی ماڵەكەی بەرامبەرمان هەیەتی سەبەب چی یە؟. وتی پێنج دەققەی تر حەل ئەبێ‌.. وەڵـڵا پێنج دەققەی نەبرد كارەبای ئەوانیشیان بڕی.
ـ بۆچی تۆ بەتەمای چی بووی؟ بە تەمابووی ئەوەی ئێوەش بێتەوە؟.
+ ئوستازگیان با خوێنەرانی عازیز نەوعێكی تری لێ‌ تێنەگەن، بڵێ‌ بیلامانا.
ـ بیلامانای بۆچی یە رۆڵە؟! بۆچی ئەم وڵاتە هیچ شتێكی تیا ماوە مانای هەبێ‌؟.
+ راست ئەكەی بەگم. بەس ئەزانی خۆشترین شتی ئەم وڵاتە چی یە؟.
ـ زستانەكەی بوو كە نەهات؟.
+ زستانیش و زۆر شتی تریش. بەڵام ئینسان نابێ‌ نائومێد بێ‌. من بەدووری نازانم ئەم حیزبانە دەست بكەنەوە ملی یەك و
ـ ئێ‌
+ داعش ملی بشكێنێ‌ و
ـ كفتە و شفتەش دیسان ببارێ‌.
+ مەیكە بەگاڵتە ئوستاز. بۆ خوا چی یە عەینەن جاری جاران یەك مەعاشخۆر بتوانێ‌ رەشە خێزانێك وەكو گوڵ بەخێو بكات؟. من هیچ بەدووری نازانم بەشەرتێك ئەم مەسئولانە ببنەوە بە یەك.
ـ ئەزانی ئەم قسەیەی تۆ لە نوكتەكەی كابرا ئەچێ‌؟.
+ كام كابرایە؟.
ـ ئەوەی كە ئەچێتە قەراغ بەحرێك و بە كەوچك ماست ئەكاتە بەحرەكەوە و تێكی وەرئەدا. زەلامێك لەولاوە لێ‌ ی ئەپرسێ‌ ئەڵێ‌ ئەوە خەریكی چیت برا؟. ئەڵێ‌ ماستاو دروست ئەكەم. ئەڵێ‌ ماستاو وا دروست نابێ‌ برا گیان. ئەڵێ‌ ئەزانم، بەڵام ئەگەر دروست ببێ‌ ئای چ ماستاوێك دەرئەچێ‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure