پەیوەندیی عەرەب بە ئیسرائیلەوە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


ئەیوب قەرا، جێگری وەزیری هاریكاریی هەرێمی لە حكومەتی ئیسرائیل كە سەر بە حزبی لیكۆدە، لە پاپا كاسۆلیكتر و لە هرتسل زایۆنی ترە، كوڕی تایەفەیەكی دورزییە، هەڵوێستی زۆر توندڕەوانەی بە ئاشكرا هەیە، سەر بە باڵی هەڵۆكانی حزبی لیكۆدە بە سەركردایەتی بنیامین نەتانیاهۆ-ی سەرەك وەزیران. لێدوانەكانی ئەمدواییەی دەربارەی هاوكاریی نێوان دەوڵەتی عیبری و دەوڵەتەكانی كەنداو، بەبێ‌ رەزامەندی و هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی نەتانیاهۆ، كە زۆر لێوەی نزیكە، نەبووە. 
قەرا دەڵێت لەو دیدارانەی كە لە نێوان ئیسرائیل و نوێنەرانی دەوڵەتە عەرەبییەكانی كەنداودا دەكرێن، بەتایبەت لە ژوورە داخراوەكاندا، ئەو وڵاتانە هیچ بابەتێكی تایبەت بە مەسەلەی فەلەستین ناورووژێنن. لێرەوە دەڵێت، بیر لە دەستپێكردنی هیچ پرۆسەیەكی دانوستانی سیاسی سەبارەت بە مەسەلەی فەلەستین ناكەنەوە.
جێگری وەزیرە ئیسرائیلیەكە پێداگریی لەسەر ئەوەدەكات كە وڵاتەكان سەرقاڵن بە خۆیان و ئاسایش و مانەوەی خۆیانەوە، نەك فەلەستین، وەك ئەو دەڵێت.
قەرا لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی (زە ماركەر)ی پاشكۆی ئابوریی رۆژنامەی (هئارێس)دا جەخت لەوە دەكاتەوە ئیسرائیل پەیوەندیی لەگەڵ نزیكەی هەموو وڵاتانی كەنداودا هەیە و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا بەرەوپێش چوون و پەرەیانسەندووە. دەیشڵێت سەردانی وەفدێكی حاخامەكانی (حباد) بۆ بەحرەین بە هاندانی ئیسرائیل و تەنانەت بەهەوڵی خودی ئەم بووە.
درێژەی دەداتێ‌ و دەڵێت پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەم شانشینەی كەنداودا بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كاتێك ئیسرائیل پێشوازیی كرد لە كچی پاشای بەحرەین و لە نەخۆشخانەیەكی ئیسرائیلدا چارەسەی وەرگرت. هەر لەوكاتەوە پەیوەندیەكان لەگەڵا شانشینەكەدا بەرەوپێشەوە دەچن. بە رۆژنامە ئیسرائیلیەكە دەڵێت:"ئا ئەوەتا وەفدێك (لە حاخامەكانی جوولەكە) لەم هەفتەیەدا لەگەڵ سەرانی بەحرەین-دا كۆبوونەتەوە و پێكەوە مۆمدانی كەنیسەی جوویان داگیرساندووە و پێكەوە سەمایان كردووە، ئەم سەردانە بەتایبەتی بە هەوڵی من ئەنجامدراوە". 
جێگری وەزیری هاریكاریی هەرێمی ئەو نزیكایەتیە ئاشكرایەی  نێوان زایۆنیزم و رژێمەكانی دەوڵەتە كەنداویەكانی دیارینەكرد، هەروەها دووركەوتنەوەی ئەو وڵاتانە لە بایەخدان بە مەسەلەی فەلەستینیش كە چەندین جار بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل دووپاتیكردووەتەوە كە گوایە هاوپەیمانێتییەكی ئاساییە و بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە.
بەپێی قسەكانی قەرا، پەیوەندیەكانی نێوان دەوڵەتە عەرەبیەكان و ئیسرائیل، لەدوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئەركەكانی لە كۆشكی سپی وەردەگرێت، پێشكەوتوو و بەرەوپێشتر دەچێت و دەگاتە رێككەوتنێك كە ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتانە لەخۆدەگرێت دەربارەی میكانیزمی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش و دەزگایەكی دژە تیرۆر و دەزگایەكی دیكەیش لە دژی ئێران. 
سەبارەت بە سەركەوتنەكانیشی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداودا، قەرا ئاماژە بەوە دەكات پێش چەند ساڵێك كاتێك كە كچەكەی پاشای بەحرەین، دوور لە چاوی میدیا، چووەتە ئیسرائیل بۆ وەرگرتنی چارەسەر، پەیوەندیەكان لەگەڵیاندا دەستی پێكردووە و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ژنە جوولەكەیەكیان بە باڵیۆزی بەحرەین لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دامەزراند. بۆ زانیارییش رەوەندی جوو لە شانشینەكەدا ناگاتە 37 جوولەكە.
ئەوەیش رووندەكاتەوە كە ئەم باڵیۆزە ئەمڕۆ لە حكومەتی بەحرەیندا وەزیرە. دەیشڵێت:"جوولەكەكان ئەندامی دیوانی پاشایەتین و ئیسرائلیش نوێنەرایەتیی لە ئەبو زەبیدا هەیە. پەیوەندیمان لەگەڵ نزیكەی هەموو دەوڵەتانی كەنداودا هەیە. هەروەها پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ مەغریب-دا هەیە. هەروەها پەیوەندیی باش لەگەڵ دەوڵەتەكانی ناوچەكە وەك ئوردن و میسر و توركیا كە لە ئێستادا لە هەموو كاتەكانی پێشوو باشترە".
جگە لەمانەیش، باس لەوەدەكات پەیوەندیەكان لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەكاندا هەر لەگەڵ رژێمەكانیاندا كورتنەبووەتەوە، بەڵكو پەلیهاوشتووەتە ناو گەلەكانیشیانەوە، چونكە لەم ماوانەی دوایدا ژمارەی ئەو كەسانە زۆر زیادیان كردووە كە لە دەوڵەتە (عەرەبییەكانەوە) سەردانی ئیسرائیل دەكەن، تەنانەت هاووڵاتیی ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەیش كە پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، لەوانە تونس و سعودیە و وڵاتانی دیكەی كەنداو. ئەمەیش ئەو تێڕوانینە بەهێز دەكات كە ئیسرائیل دوژمنیان نییە، بەڵكو دوژمنی ئەوان ئێران و هاوپەمانەكانیەتی وەك حزبوڵـڵا و بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی سوریا و ئەوانی دیكە. 
دەربارەی هاووڵاتیانی جوولەكەی ناو وڵاتانی ناوچەكەیش، قەرا جەخت لەوە دەكاتەوە ئیسرائیل هەوڵی دەربازبوونیان دەدات وەك چۆن لەگەڵ جووەكانی سوریا و یەمەن و تونس و مەغریب و توركیادا كردی. لەمبارەیەوە دەڵێت:"بەڵام ئەو شوێنەی كە زۆرترین كێشەی تێدایە ئێرانە، چونكە زەحمەتە قەناعەت بە جوولەكەكانی ئێران بێنیت بۆ ئەوەی كۆچ بكەن بۆ ئیسرائیل. ژمارەی جووە ئێرانیەكان دەگاتە بیست هەزار كەس كە لایەنگری رژێمەكەین لەبەر ئەوەی رژێمی ئێران سەركەوتوو بووە لە شۆردنەوەی مێشكیاندا و بۆ پروپاگەندە دەیانقۆزێتەوە و بەكاریاندێنێت".
پێش هەفتەیەكیش بە پێگەی (ئەلمەسدەر)ی ئیسرائیلیی راگەیاندبوو، هەركاتێك باری ئارامیی ئوردن جێگیربێت باری ئارامیی ئیسرائیلیش جێگیردەبێت و ئەمەیش پشتیوان و هاوكاردەبێت بۆ رێگریی لە داعش و لاوازكردنی توندڕەوی بەشێوەیەكی گشتی.
دەیشڵێت ئەگەر میسر لەڕووی ئابورییەوە بڕووخێت ئەوا كۆتایی دنیایە، بەجۆرێك كە خۆرئاوا ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات. ملیۆنەها كەس كۆچ دەكەن. بۆیە :"پێشنیارم بۆ ئەمریكیەكان و ئەوروپییەكان ئەوەیە ئێستا وەبەرهێنان لەمیسردا بكەن ئەگەرنا ناچاردەبن كە رووبەڕووی كێشەگەلێكی زۆر ترسناكتر ببنەوە".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure