نابێ ئەم هەرێمە بەم جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە


لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا, سوریا و عێراق بە تایبەتی، گۆڕانکاریی یەک لەدوای یەک  دێتە کایەوە.. ئەوەتە دوای نزیکەی شەش ساڵ شەڕ و کوشتار و وێرانکاری, کە هەموو لایەنەکانی ماندوو کرد، رووداوەکان بەرەو ڕاگرتنی شەڕ و سازدانی گفتوگۆ دەڕۆن لە پێناو چارەسەری ئاشتیانە و سیاسیدا.
لە عێراقدا شانبەشانی هەوڵ و تەقەلای سەربازیی بۆ دەرکردنی داعش لەم وڵاتە، پەیتا پەیتا پرۆژە و پلان دادەبەزێنرێ‌ لە پێناو پێکهاتن و پێکەوەژیان و ئیدارەکردن و ئاوەدانکردنەوە و چارەسەری ئەم نائارامییە و باری ئابوری و گوزەرانی هاووڵاتییاندا، پاش وەدەرنانی -داعش-.
هەر ئەم بارودۆخەیش كاریگەریی خۆی لە هەرێمدا نواندوە و جموجۆڵ پەیدابووە، بۆ ئەوەی نەوەکو لافاوی گۆڕانکارییە گشتیەکە ڕایانبماڵێ.
لەلایەکەوە بەڕێز مەسعود بەرزانی مانگی ڕابردوو پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەری کێشە سیاسیەکەی هەریم دابەزاند و داوایکرد کە لایەنە سیاسیەکان پێکبێن و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێنن و کەسێکی تر بۆ سەرۆکی هەرێم دیاری بکەن. لەم ماوەیەدا زنجیرە دانوستانێک ئەنجامدرا. بەڵام تا ئەمڕۆ شتێک بەدەستنەهاتوە. لەلایەکی ترەوە دەنگ بڵاوە کە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی ببنەوەبەیەک!!. لەلای سێیەمەوە هەر سێ حزبە ئیسلامیەکە لە کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی بەرەیەکی ئیسلامی پێکبهێنن. بەمپێیە، دۆخە سیاسیەکە بەرەو ڕیزبەندییەکی نوێ ئەچێـت. شێوازی سێ لایەنی بە خۆیەوە دەبینێ, پارتی و لایەنگرانی, گۆڕان و یەکێتی, ئیسلامیەکان. ئەم دیاردەیەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ کام لەم لایەنانە ئامادەنین دەست لە دەسکەوتی ئەمڕۆ و خواستی سبەی رۆژیان هەڵبگرن. هیچ کامیان بەم بەشەی ئێستایان رازیی نین (بەشەکەی خۆم بۆ خۆم و بەشەکەی تۆیش دەخۆم!!) و هەریەکەیان خۆی بە شیاوتر و هەقدارتر دەزانێ لەوەکەی تریان. نیاز و خواستی بێگانەی دوور و نزیکیش لەم کایەیەدا رۆڵی کاریگەری خۆی هەیە و ئەبێ، هەریەکە بە پێی بەرژەوەندیی خۆی سەبارەت بە چارەنووسی ئاییندە!!.
هەڵبژاردنەکان چ لە عێراق و چ لە کوردستان بەرەبەرە نزیکدەبنەوە یان گۆڕانکارییە سەربازییەکان نزیکیان دەکاتەوە. ئەم کۆمەڵکاری و دەستەبەندیەی لایەنە سیاسیەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو پڕوسەیەوە. بەمانایەکی تر ئەمان نەیانتوانی بە دانیشتن لە پشتی مێزەکانەوە کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکەن. یان بە مانایەکی تر نایانەوێ چارەی بکەن. هەر بۆیە خۆیان کۆبکەنەوە. تا بتوانن لە رێگەی هەڵبژاردنەکانەوە یەکتری ببەزێنن,بۆڕبدەن !!. یەکێکیان ببێتە شێری مەیدان!!
بەڵام ناکۆکیەکان, هەڵپە بۆ دەسەڵات و داهات. هیچ گومانی تێدانییە لێ ناگەڕێن کە ئەو هەڵبژاردانانە بەڕاست و دروستی بچن بەڕێوە و ئامانجی شیاوی خۆیان بەدەستبێنن و هیچ دوور نییە کە نەکرێت بە مەیدانی شەر و پێکدادان!! تاقیکردنەوەکانی پێشوو و پێشووتر لەبەرچاون. جگە لەمەیش ئەمجارە بە کۆمەڵ کۆمەڵ  دێنە مەیدانەوە. نەک وەک جارانی پێشوو بە تاکە تاکە.
بەهەر حاڵ هەوڵدان بۆ ئەم ڕیزبەندییە لە خۆیدا بەڵگەیە کە ئەو لایەنانە ڕیکناکەون و پێکەوە لە مەنجەڵێکدا ناکوڵێن!! لەلایەکەوە,و لەلایەکی تریشەوە دەریدەخات کە سەرکەوتوونەبوون لە ئیدارەکردنی هەرێمەکەدا و شکستیان بە دەسکەوتەكە هێنا لە هەرێمدا و لەمەودوایش سەرکەوتوونابن و مەگەر خواست  و مەبەستی تایبەتی بێگانە ڕێگربێت، ئەگینا ئەم هەرێمە، ئەم بارودۆخە سیاسیە, بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێ. دەبێ بگۆڕدرێ. بەڵام چۆن؟ ئەمەیان ڕۆژگاری دوای دەرکردنی –داعش- دەریدەخات، ئەویش زۆر دوور نییە. هەندێکیش وای بۆدەچن کە شەڕی ناوخۆ ڕووبدات لەسەر بەش و بەشکاری!!.


                                               
                                               

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure