داعش بە ناو بەغدادا دەگەڕێت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

راپۆرتێكی نووسینگەی كاروباری مرۆیی سەر بە بەڕێز بان كی مۆن دەڵێت عێراق لە كلكی لیستی تایبەتی جۆرایەتی خوێندندایە و رەنگە لە پێش ئەفغانستانەوە بێت، بەڵام ئەگەر تێكڕای نەخوێندەواری گەیشتبێتە ژمارەی پێوانەیی لەم ساڵانەی دواییدا، ئەمە كارەساتە و خۆ ئەگەر هەژاری و راگواستن لە هۆكارەكان بن، ئەوا كارەساتەكە گەورەترە. لەمەیش خراپتر و گەورەتر ئەوەیە عێراق وا راهاتبێت كە ئەم ژمارانە ئاسایی و شتێكی سروشتین، یاخود ئەوەبێت كە زایۆنیزم و ئیمپریالیزم پیلانمان لەدژ دەگێڕن و هەمیشە دەمانخەنە خوارەوەی لیستی وڵاتە كامەرانەكان.

 بەشی هەرە زۆری هەواڵەكانمان جێی داخن ئەگەر بە ئازاریش نەبن، یەكێك لەوانە ئەو ئەفسەرەی كە وەك (شەقاوە) چووەتە سەر كچە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك لەبەر ئەوەی سڵاوی لە كچەكەی نەكردووە. هەواڵێكی تر تیۆرەكەی حاكم ئەلزاملی سەرۆكی لجنەی ئەمنیی پارلەمان-ە لە یەكێتی عەرەبیدا كە بۆ پارلەمانی میسری پێشنیار دەكات. ئەم پارلەمانتارە بەڕێزە پێش چەند مانگێك جوێن بە دەوڵەتە عەرەبیەكان دەدات و هەموویان بەبێ‌ جیاوازیی بە (داعشی) ناودەبات.
لەناو ئەم كتوپڕیانەدا، پێرێ‌ شەو سەربازانی (ئەمر بە مەعروف) لێمان هاتوونەتەدەرەوە بۆ دەربازكردنی یاسای هەڵمەتی ئیمانداری، ئەو یاسایەی كە رێگە دەدات بە سەربازەكانی (نەهی عەنلمونكەر) بۆ پاسەوانیكردنی یانەكانی شەوانە و شەونخونی بەدیار پشووی كچە سەماكەرەكانەوە، بەڵام بێزاردەبن لە ئێزیدییەك یان مەسیحییەك كە دوكانێكی مەیفرۆشی بكاتەوە، چونكە لە حەرامەوە نزیكە و چونكەیش دەستكەوتی دوكانێك تەنیا چەند دینارێكی كەمە لەچاو دەستكەوتی تیاترۆخانەكاندا كە رۆژانە چەندین ملیۆنە.

ئایا ئەمە ئازاربەخش نییە كە چارەنووسمان بكەوێتە دەستی ئەم جۆرە بیروباوەڕانەوە؟ بكەوێتە دەستی كلتورێكەوە كە خۆی وەك سێبەری خوا لەسەر زەوی ببینێت؟ و جەهل ببێتە دروشمی قۆناغەكە و دەموچاوهەڵپێچراوەكان بە ئۆتۆمبێلی مۆدێلەوە مەسیحیەكان لە شەقامەكانی بەغدادا، بە خوێنساردی و لە سایەی بێدەنگبوونی حكومەتدا بكوژن.

هەندێكی دیكە لێمان وەدەركەوتوون بۆ ئەوەی بیرمان بخەنەوە كە ئێمە لە سای حكومەتێكی (باوەڕدار)دا دەژیین. ئەمانە پاساو بۆ كوشتن دێننەوە بە هەندێك قسەی وەك: ئەگەر كوژراوەكە گوێڕایەڵی ئامۆژگاریەكان بوایە و وازی لە مەیفرۆشی بهێنایە، نەدەكوژرا.. كێ‌ مافی ئەوەی بە بكوژ و دز و هەلپەرست داوە كە ئامۆژگاریی كەسانی دیكە بكات..؟. 

ساڵانێكە مەسیحییەكانی وڵاتەكەم، ماڵەكانیان لە بەغدا و بەسرە و موسڵ جێدێڵن بەهۆی گوتاری رۆژانەی بێزلێكردنەوە و تۆقیێنەر و بێزراندن و تووڕەیی و تۆڵەسێنەری و گاڵتەپێكردن بە هەرچی كە لە دەورووبەریدایە. بەدڵنیاییەوە هەندێك دەنگمان دەبیست كە دژی ئەمە بوون یاخود سەركۆنەیان دەكرد، بەڵام راستیەكە دەیگوت ئێمە لە ناو عەقڵیەتێكی تاریكدا دەژین كە ئامادەیە و دڵخۆشە بە دەركردنی ئەوانی دیكە.
گرنگ نییە كێ‌ پێش دوو رۆژ لەمەوبەر دوو مەسیحیی لە بەغدا كوشت. ئەوەیش گرنگ نییە كە سوورە لەسەر گەمارۆدانی مەسیحییەكان و ناچاركردنیان بۆ بەجێهێشتنی ماڵەكانیان. ئەمانە هەمووی فەرمان و بڕیارگەلێك بوون كە بە ئاگاداری و بە پلانی تائیفی دەركراون و ئەنجامدراون.
دوای سیانزە ساڵ لە ئازار و ترس، ئینجا هاووڵاتیی نامۆی مەسیحی دەیزانێت كە وڵاتێك نییە تا بیپارێزێت یان گوێ‌ بە مەسەلەكەی بدات، چونكە لە هیچ رووداوێكی كوشتندا هیچ كەسێك لەسەر ئەم دیمەنە تاوانكارییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكراوە، چونكە راپۆرتە رەسمییەكان نكۆڵی لەو قسانە دەكەن كە دەربارەیان دەوترێن و هەڕەشە لەو كەسانەیش دەكەن كە باسیان دەكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە