پێگەی نیشتمان لە ئیعرابدا

بۆچوون / بیروڕا :: 17/10/2016

نووسینی: عەلی حسێن
سەرچاوە: ئەلمەدا
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند پیاوێکی ئایینیم بینی لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە وتاریان دەدا. لە ڕوانگەی ئەو وتارانەوە دەتوانم بڵێم هێندەی پێناچێت کەسانێکمان لێ پەیدادەبن کە داوامان لێ بکەن بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە دێرینەکان. چونکە ئینتەرنێت حەرام و بێکەڵکە و چیرۆکی منداڵان مایەی داڕزینی خێزانە و تەنانەت یەکێک لەو مەلایانە بە ئاشکرا شەڕی ڕاگەیاند دژی شارلۆک هۆلمز و سەرکێشییەکانی.
نووسەری ئەو چیرۆکانە، سێر کۆنان بلیمەت بوو لە وروژاندن و لەو شێوازە سیحراوییەدا کە بیرت دەباتەوە چیرۆکەکە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی تەنیا هەر خەیاڵێکە و هیچی تر. سەیرەکە لەوەدایە ئەم نووسەرە لە ژیاندا بەرزترین مەدالیای پێبەخشراوە لەگەڵیدا سامانێکی وای دەستکەوتووە کە گەیاندوویەتییە ئاستی دەوڵەمەندەکانی بریتانیا، کەچی دایکی هەر باوەڕی نەدەکرد ئەم کوڕەی کە لە بواری پزیشکیدا شکستیهێنا دەتوانێت بە دیداری شاژنە ڤیکتۆریا شاد ببێت. کۆنان هەتا مرد بەرهەمی ناوبانگ و سەرکەوتنی کۆدەکردەوە.
ڕەنگە کەسانێک هەبن بڵێن هەقمان چییە بەسەر ئەم مەلایانەی مینبەرەوە بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا کە سەرگەرمی شەڕی ڕزگارکردنی موسڵین. لە وەڵامدا دەڵێم ئەوەی لە ڕۆژنامە و کتێبەکانەوە فێری بووم دەیسەلمێنێت کە بایەخدان بەو ڕووداوانەی ئێستا لە ئارادان ڕێگرییمان لێناکەن تیشک بخەینە سەر ئەو بابەتانەی کە کۆسپ و تەگەرەن لە بەردەم ئایندەدا. کێشەکە ئەمڕۆ ئەوەیە کە لە عێراقدا دوو مەسەلە هەن کۆنترۆڵکردنیان دژوارە. یەکێکیان مەلای سەر مینبەرەکانە کە هەموو گیروگرفتەکانی وڵات و نەبوونی خزمەتگوزاری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری واز لێهێناوە. دووهەمینیشیان بەرنامەکانی چەلەحانێی تەلەفزیۆنە کە حەنان فەتلاوی کردووە بە سەرکردەیەکی سەربازیی هەڕەشە لە تورکەکان دەکات بە بڵاوکراوەکانی جنێو، لە کاتێکدا ئەم پڕۆگرامانە خەڵکانێکی تری وا لێکردووە سووربن لەسەر ئەوەی کە تورکیا لە ناوچەکەدا کۆتری ئاشتییە و چڵە زەیتوونێکی هەڵگرتووە ئیتر بۆچی لێی بترسین یاخود بۆچی ڕێگە بە تاران دەدەن کەچی ڕێگە بە ئەنقەرە نادەن، وەک ئەوەی کە هاوسەنگی پێویستە هەتا ئاستی نۆکەرێتی و چڵکاوخۆری بۆ دەوڵەتان دابەزێت. هاوڵاتی عێراق بەمجۆرە ئەوانەی بینی کە بە ناوی ئەنقەرە و بە ناوی تارانەوە قسە دەکەن. لە کاتێکدا کە ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی ڕێکبکەوێت لەسەر ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ عێراق. بەڵام خەمتان نەبێت بەڕیز عەلی عەلاق، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف مژدەی پێیە بۆتان:(کەشوهەواکە گونجاوە بۆئەوەی جەژنی غەدی بکرێت بە پشووی ڕەسمی) لە کاتیكدا کە بە دڵنیاییەوە ناکۆکی دێتە ئاراوە لەسەر زیادکردنی ڕۆژانەی (سەقیفە) بۆ لیستی جەژن و پشووەکانمان.
بەڕێزینە شانازی کردنی ڕاستەقینە بە ئیمام عەلی بەوە دەبێت کە ژیاننامەی ئەو پیاوە مەزنە بخوێنینەوە و لە ئاستیدا ڕاوەستین و لێوەی فێرببین. بەڵام بەداخەوە ئێمە گرفتاری کۆمەڵە لێپرسراوێک بووین کە بە ناوی دینەوە قسە دەکەن و بە ناوی دینیشەوە دزی دەکەن. شەو و ڕۆژ مێشکمان دەبەن بە گوتاری ئاگرین دەربارەی حەق و دادپەروەری و ستەملێکراوی و دەربڕینەکانیان هێندە خراپ بەکارهێنراون کە هیچ واتایەکیان نەماوە.
تا دوێنێ دەیانگوت: کە مەسەلەکە هاتە سەر مەزهەب و بەرژەوەندی پێویستە نیشتمان بچێتە دواوە، ئەمڕۆش دەڵێن کە مەسەلەکە هاتە سەر جەژنە مەزهەبییەکانمان، پێویستە جەژنە نیشتمانییەکە بیربچێتەوە. سبەینێش دەڵێن کە مەسەلەکە هاتە سەر شتێک سوودی بۆمان هەبێت چاوی نیشتمان دەر ئەهات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە