حاجی لەق لەق هێمای ئاشتی و ئاسوودەیی و خۆشبەختییە

ژینگە :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 160‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ
کوردستان لە داوێنی زنجیرە چیای زاگرۆسدا، ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئاژەڵەکان.

دارستان و گەڵاجاڕ و مێرگ و ناوچەی شاخاوی و کوێستانی و رووبار و دەریاچە و زەلکاو و بەنداو، جوانییەکی تایبەتی بە دیمەنی کوردستان بەخشیوە و ژینگەیەکی لەبارە بۆ هەموجۆرە گژوگیا و ئاژەڵێک.

 
دەریاچەی زرێبار سروشتێکی خواپێداو و بە شکۆی ناوچەی مەریوانە کە کەوتوەتە نێوان زنجیرەی چیای زاگرۆس و لە داوێنی دوو زنجیرە چیای فەیلەقوس و میراجی-دا خۆی دەنوێنێ. نزیکەی 10 گوند، دەوری زرێباریان داوە و بوونەتە هۆی پێکەوە ژیانی مرۆڤ و باڵندە و مراوییەکان.

حاجی لەق لەق، یەکێکە لەو باڵندانەی کە لە زەلکاوی دەوری زرێباردا دەژی.
ژینگەی سەرەکیی حاجی لەق لەقەکان لە دارستانەکانی دەوری گوندی"بێلوو"ی نزیک زرێبارە، کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای زرێبار و هێلانەی نزیکەی 50 حاجی لەق لەق لەسەر داربەڕووەکان دەبینرێن و بە سەرەکیترین ژینگەی حاجی لەق لەقەکان ئەژمار دەکرێت.

حاجی لەق لەق کە ناوی زانستییەکەی " Ciconia Ciconia" یە، 102 سانتیمەتر باڵا دەکات و یەکێک لە گەورەترین مراوییەکانە، نێرومێیەکەی وەک یەکن و لە زەلکاوەکانی زرێباردا دەژین.

حاجی لەق لەقەکان لە وەرزی کۆچدا، بەرەو زەلکاوەکان و ژینگەکانی تر لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئۆردن کۆچ دەکەن.
هەڵسوکەوتی دروستی خەڵکی ناوچەکە، وایکردووە حاجی لەق لەقەکان بە ژیان لە ناو گوندەکان ڕابێن.
3 ساڵ پێش ئێستا، دانیشتوانی گوندەکانی یەنگیجە، پیرسەفا، دەرەتفێ و کانی سانان، لە بەشی رۆژئاوا و باشووری زرێبار، بڕیاریاندا هێلانە بۆ حاجی لەق لەقەکان دروست بکەن و چاودێرییان بکەن و تەنانەت هێلانەکان نۆژەن دەکەنەوە.


ئێستا نزیکەی 30 هێلانە لەو گوندە دروست کراون و بووەتە هێمایەک بۆ گوندەکه و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی ناوچەکە.
دانیشتوانی ناوچەکە بۆ چاودێری باشتری حاجی لەق لەقەکان، هێلانەکان لەسەر عەموودی کارەبا دروست دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوام لە پێش چاو بن.
لە ماوەی رابردوودا و بە نۆژەنکردنەوەی عەموودی کارەباکان لە ئاسنەوە بۆ کۆنکرێت، فەرمانگەی کارەبای مەریوان، هێلانەیان لە حاجی لەق لەقەکان تێکنەدا و عەموودەکەیان لە شوێنی خۆی هێشتەوە.


حاجی لەق لەق بۆ خەڵکی ناوچەکە هێمای ئاشتی و ئارامیی و بەختی باشە.

مەستورە خەسرەوانی 






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure